رووداو دیجیتاڵ
د.ترەیدەر رێگەکانی بانکی ناوەندی بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی دینار بە هەڵە ناودەبات و دەشڵێت، بانکی ناوەندی لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە دۆخەکە بۆ دینار مەترسیدارتر دەبێت.
رۆژی 08ـی کانوونی یەکەمی 2026، د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" لەکاتی شرۆڤەی نرخی دۆلاری بەرامبەر بە دینار لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشکاری رووداو، رایگەیاند، "ئەو گۆڕانکارییەکانی نرخی دینار پشێووی دروست دەکەن و لە داهاتوودا نرخی کاڵا گران و گرانتر دەبن".
باسی لەوەشکرد، ئەو رێگایانەی بانکی ناوەندی هەڵیبژاردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان هەڵەن، بۆیە درووستبوونی ئەو پشێوویە لە بازاڕدا ئەنجامی خراپی دەبێت.
بە گوتەی د. ترەیدەر بانکی ناوەندی توانای کۆنترۆڵکردنی دیناری نییە، چونکە بانکەکە نەیتوانیووە لە رابردوودا لە نرخێکی نزمتردا کۆنترۆڵی نرخی دینار بکات.
بڕیارە رۆژی 08ـی تشرینی یەکەمی 2026، پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی عێراق لەسەر گۆڕانکاریکردن لە نرخی دینار بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بکەن.
د. ترەیدەر گوتی، "ئەگەر بانکی ناوەندی لە بڕیارەکەی بۆ گۆڕانکاریکردن لە نرخی دینار پاشگەزبێتەوە، دۆخەکە زۆر مەترسیدارتر دەبێت".
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاری بکات، کە لە ئەمڕۆوە بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نرخە نوێیەکان بەم شێوەیەن:
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
پێشتر نرخەکان بەمشێوەیە بوون:
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1300 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1310 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک.



