رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێن، لە پرۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراقدا، بەهای 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار جێگیر کراوە. د. ترەیدەر دەڵێت، ئەوە دەبێتە هۆکاری گرانبوونی نرخی کاڵا لەسەر هاووڵاتییان.
نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار رووی لە بەرزبوونەوەیە، هەر دۆلارێک بە نزیکەی 1600 دینار لە عێراق و هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەدەکرێت.
پێش نیوەڕۆی 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، نرخی هەر 100 دۆلارێک بە 159 هەزار و 600 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" لەکاتی شرۆڤەی گۆڕانی نرخەکاندا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشكێشکاری ئابووریی رووداو رایگەیاند، تەنیا بەڵێنەکانی حکومەت بۆ دەستکارینەکردنی نرخی دینار بەس نییە، چونکە ئەزموونێکی باشیان لەگەڵی نییە و بەڵێنەکانی رابردوو جێبەجێنەکراون.
لە پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق 2023، 2024 و 2025دا 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار جیگرکرابوو.
دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 5ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە پرۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراقدا، بەهای 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار جێگیر کراوە و کۆی گشتیی بودجەکەش 228 تریلیۆن دینار دەبێت.
لەبارەی بۆچوونی بانکی ناوەندیی عێراق، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوە کرد کە "بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق پێشوەختە لەسەر ئەو نرخە هاوئاهەنگیان کردووە. ئەگەر بەم شێوەیە جێگیر بکرێت، ئەوا ساڵانە داهاتی عێراق 20 تریلیۆن دینار زیاد دەکات."
ئامانجەکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییەیە کە لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ دروست بووە.
د. ترەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هۆکاری دروستبوونی ئەو جیاوازییە لە نێوان بازاڕ و بانکی ناوەندی بۆ دەسترانەگەیشتنی خەڵک بە دۆلار دەگەڕێتەوە، بەڵام گەرەنتی نییە کە ئەوەیش کێشەکە چارەسەر بکات.
عێراق تاوەکو ئێستا بۆ پڕکردنەوەی پێویستی بازاڕەکانی پشت بە هاوردەکردنی کاڵا دەبەستێت، کە کۆی مامەڵەکانی بە دۆلارە.
بە گوتەی د. ترەیدەر بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە 132 هەزار دینارەوە بۆ 150 هەزار دینار کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان دەبێت کە ئەوەیش لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان نابێت.
وەزارەتی دارایی عێراق کۆی خەرجییەکانی حەوت مانگی رابردووی بڵاوکردەوە و بڕی کورتهێنان گەیشتووەتە سەروو 29 تریلیۆن دینار. لەو ماوەیەدا کۆی خەرجییەکان 68 تریلیۆن دینار و کۆی داهاتەکان 39 تریلیۆن دینار بووە، کورتهێنان بە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە رابردوو دادەنێرێت.


