رووداو دیجیتاڵ
کولتوور و رەسەنایەتی کوردی سنوورەکان دەبڕێ و دەبێتەهۆی دروستبوونی پەیوەندی سەرنجڕاکێش لەگەڵ گەلانی دیکەدا. ئەڤین حاجی، خانمێکی کوردی خەڵکی شاری دهۆکە و ئێستا لە نەرویج نیشتەجێیە، یەکتربینینێکی سادە لە کۆشکی شاهانە بووە هەوێنی دەستپێشخەرییەکی مێژوویی و کولتووریی ناوازە.
لە ساڵی 2023دا ئەڤین رێکخراوێکی تایبەت بە خانمانی دامەزراند کە ئێستا لە 23 وڵاتی جیاواز ئەندامی هەیە. بەهۆی چالاکی و کارەکانیانەوە، ئەڤین و هاوڕێکانی بانگهێشتی کۆشکی شاهانەی نەرویج کران. لەو دیدارەدا و لەنێو نوێنەرانی وڵاتانی وەک پاکستان و سووریادا، ئەو بە پۆشینی جلی رەسەنی کوردییەوە ئامادەبوو.
رەنگاوڕەنگی و جوانیی جلی کوردی هەرزوو سەرنجی شاژنی نەرویجی راکێشا و لەبارەیەوە پرسیاری لێکرد. ئەم سەرنجڕاکێشانە بووەهۆی دروستبوونی بیرۆکەیەک لای ئەڤین بە پێشکێشکردنی دەستێک جلی کوردی وەک دیاری بە شاژن. دوای گەڕانەوەیان، رێکخراوەکەی بە فەرمی بانگهێشتنامەیەکیان ئاراستەی شاژن کرد بۆ ئەوەی سەردانیان بکات و لە نزیکەوە کار و چالاکییەکانی ئەو خانمانە ببینێت و دواتر شاژن بانگهێشتەکەی قبووڵکردووە.
ئەڤین حاجی بە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی راگەیاند، کە هەفتەی پێشوو ئەو سەردانە ئەنجام دراو گرنگی لەوەدابوو کە یەکەمین سەردانی ناوخۆیی شاژنی نەرویج بوو، دوای کۆچی دوایی پاشای وڵات. لە هۆڵی پێشوازی، جگە لە نمایشکردنی جلی رەسەنی نەرویجی کە لەلایەن خانمانی رێکخراوەکەوە دوورابوون، کراس و کورتەکێکی کوردیش نمایش کران کە بە تایبەتی لە شاری زاخۆ دوورابوون و نێردرابوون.
لە کاتی گەیشتنیدا شاژن بە باوەشێکی گەرم و روویەکی خۆشەوە پێشوازی لێکردن و ئەڤین جلی کوردییەکەی لەنێو کارتۆنێکی دیاریی تایبەتدا پێشکێش کرد کە هەموو زانیارییەکان سەبارەت بە شوێنی دروستکردنی لە کوردستان لەسەر نووسرابوو، ئەمەش بووە هۆی دڵخۆشى شاژن.




