رووداو دیجیتاڵ
لە شاری میندنی ئەڵمانیا، هاونیشتمانییەک بەناوی غاندی محەممەد، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، مۆڵەتی شۆفێریی وەرگرت. سەرەڕای سەختیی تێچوو و کات، غاندی توانیی ئەم هەنگاوە ببڕێ و وەک خۆی دەڵێ، سەرکەوتن لەم تاقیکردنەوەیەدا زۆر خۆشحاڵی کرد.
لە لایەکی دیکەوە حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ساڵی 2027 چەند چاکسازییەکی نوێی یاسایی لە سستمی مۆڵەتی شۆفێریدا پەسند کردووە، کە ئامانج لێیان ئاسانکاریکردنە بۆ هاووڵاتییان و گرنگترین خاڵەکانی بریتیین لە کەمکردنەوەی نرخ و تێچووی مۆڵەتی شۆفێری، وانەکانەکانی تیۆری بە شێوازی دیجیتاڵی دەبن، کەمکردنەوەی سێیەکی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی تیۆری، هەروەها رێگەدان بە دایک و باوکان کە منداڵەکانیان لە شەقامە گشتییەکاندا فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بکەن.
جگە لەمە، گۆڕانکارییەکی دیکە ئەوەیە کە لە نیسانی ساڵی 2027ـەوە کوردی نیشتەجێی ئەڵمانیا دەتوانن تاقیکردنەوەی تیۆری بە زمانی کوردی ئەنجام بدەن. سەبارەت بەم گۆڕانکارییانە، جەم ئۆلکای و بووهار، دوو هاوژینی خاوەنی دوو نووسینگەی فێرکاریین لە شاری بۆخووم، تیشک دەخەنە سەر بابەتەکە.
جەم ئۆلکای کە 11 ساڵە ئەزموونی فێرکاریی فەرمی هەیە، بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: " ئەم هەنگاوە لای خەڵک بە باشی پێشوازی لێ دەکرێ، کە ناچار نەبن لە هەموو وانەکاندا بەشدار بکەن یان پرسیاری کەمتر وەڵام بدەنەوە. لەلای زۆر کەس ترس لە زۆری پرسیارەکان هەیە، کاتێک پرسیارەکان کەمبکرێنەوە، بەلای منەوە کارێکی دروستە".
ئۆتۆمبێل ئامرازی گواستنەوەی سەرەکییە لە ژیانی خەڵکدا لە ئەڵمانیا. بەپێی ئاماری فەرمانگەی فیدراڵی، لە 1ی 1ی ساڵی 2026ـدا زیاتر لە 49 ملیۆن ئۆتۆمبێل مۆڵەتی رێگەپێدانیان لە شەقامەکانی ئەڵمانیادا هەبووە و نزیکەی 77٪ی خێزانەکان خاوەنی ئۆتۆمبێلن، لە کاتێکدا گواستنەوەی گشتیش پێگەیەکی بەهێزی هەیە و لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 11 ملیار و 500 ملیۆن جار لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەکارهێنراوە.
مامۆستایانی فێرکاری مۆڵەتی شۆفێری لە ئەڵمانیا رەخنە لە یاسا نوێیەکە دەگرن
یاسا نوێیەکانی مۆڵەتی شۆفێری لە ئەڵمانیا، لە لایەن خاوەن نووسینگەکانی فێرکاری و مامۆستایانی شۆفێریی کوردەوە، بۆچوونی جیاوازیان لەسەر دروستبووە. هەندێک لە خاڵەکانی یاسا نوێیەکە کە لە سەرەتای ساڵی نوێوە جێبەجێ دەکرێن، مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێناوە، بەتایبەت ئەو پرسیارە تیۆرییانەی بە نۆکئاوت ناودەبرێن، واتە دوو پرسیاری 5 خاڵی کە ئەگەر لە تاقیکردنەوەدا هەڵەیان تێدا بکرێ، فێرخوازەکە بە کەوتوو دادەنرێ. هاوکات نیگەرانی هەیە کە رێگەدان بە دایک و باوک، بۆ فێرکردنی منداڵەکانیان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە شەقامەکاندا، ببێتە هۆکاری زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆ.
ئالان، کە فێرکاری شۆفێرییە لە ئەڵمانیا، سەبارەت بە سیستمە نوێیەکە و پرسیارە قورسەکان دەڵێت، "سەبارەت بە پرسیارەکانی نۆکئاوت، ئەگەر فێرخوازێک لە تاقیکردنەوەدا لەو پرسیارانە هەڵە بکات، ئەوا لە تاقیکردنەوە دەکەوێ. سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک لە فێرخوازان لە تاقیکردنەوەی دووبارەدا سەرکەوتوو دەبن، بەڵام بوونی ئەم پرسیارە گران و قورسانە کاریگەریی خۆی هەیە."
سەبارەت بە هەوڵەکانی کەمکردنەوەی تێچووی مۆڵەتی شۆفێری و پێشبڕکێی نووسینگەکان، رێناس، کە ئەویش فێرکاری شۆفێرییە، رایدەگەیێنێت کە دابەزاندنی نرخ لەلایەن هەندێک کەسەوە کێشە دروست دەکات و گوتی، "هەندێک کەس هەوڵ دەدەن نرخ زۆر هەرزان دابەزێنن تەنیا بۆ ئەوەی قوتابیان بۆ لای خۆیان رابکێشن، بەڵام ئەمە کێشە لە شێوازی فێرکردن و کواڵیتیی کارەکەدا دروست دەکات."
هەروەها دیار سیتۆ، کە خاوەن نووسینگەی فێرکاریی شۆفێرییە لە ئەڵمانیا، تیشک دەخاتە سەر وانە ئۆنلاینەکان و کێشەی نەبوونی سەرنجی پێویست لەلای بەشێک لە قوتابیان و گوتی، "بەشێک لە قوتابیان لە وانە ئۆنلاینەکاندا سەرنجی پێویست نادەن و بایەخ بە وانەکان نادەن."



.jpg&w=3840&q=75)

