رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەریتانیا گورزێک لە تۆڕێکی گەورەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەدات کە لەلایەن چەند هاونیشتمانییەکەوە لەو وڵاتە بەڕێوەدەبرێ. دادگای بەریتانیا سزای قورسی بەسەر چوار هاونیشتمانیدا سەپاند، دوای ئەوەی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوە و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر کرابوون و تێوەگلانیان لە تاوانەکاندا یەکلابووەوە.
بەپێی میدیای بەریتانیا و زانیارییەکانی پۆلیسی بەریتانیا، یەکێک لە سزادراوەکان گەنجێکی تەمەن 22 ساڵە بەناوی (ع. ئێم.)، کە پێشتر مافی مانەوەی لە بەریتانیا لێسەندرابووەوە و دەرکرابوو.
ئەو هاونیشتمانییە لە دادگەدا دانی بەوەدا نا کە رۆژانە بڕی 30 پاوەندی وەرگرتووە و لەنێو باندێکی مەترسیداری بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەردا کاریکردووە. دادگا دوای لێکۆڵینەوەی ورد، سزای زیندانیکردنی بەسەر خۆی و سێ کەسی دیکەی کورددا سەپاند و ماوەی سزاکانیان لە 4 ساڵ بۆ چەندین مانگ کارکردنی بێبەرامبەرە.
لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە کە تۆڕەکە، ناسراو بە (تۆڕی پاشا)، پشت بە شێوازێکی مۆدێرن و تەکنەلۆژی دەبەستێت.
پۆلیس دەڵێت، لە کاتی دەستگیرکردنی یەکێک لە هاونیشتمانییەکان، چووەتە نێو ماڵێک پڕ بووە لە مۆبایل و کەرەستەی پەیوەندی و بەڕێوەبردن، کە تۆڕەکە بۆ کاری قاچاخچێتی و رێکخستنی فرۆشتنی مادەهۆشبەرەکان بەکاری هێناوە.
ئەم تۆڕە نایاساییە زیاتر لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو گەنجە کوردانەی لە بەریتانیا داواکاریی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە کوردستان یان هیچ شوێنێکی دیکە، قازانج و بازرگانیی خۆیان فراوانکردووە و ئەم چینە لاوازەیان تووشی کاری نایاسایی و تێوەگلانی مادەی هۆشبەر کردووە.


.jpg&w=3840&q=75)

