رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار دوای دەرچوونیان لە دوایین هەڵبژاردنەکاندا، هەر شەش پەرلەمانتاری کوردی نێو پەرلەمانی سوێد لەگەڵ دیاسپۆرای کوردستانی کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بە هاوکاریی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان و کۆمیتەی هاوکاریی پارتە سیاسییەکانی کوردستان رێکخرابوو، تێیدا پیرۆزبایی لەو پەرلەمانتارانەی کورد کرا کە لە پارتە جیاوازەکانی سوێدەوە توانیویانە بگەنە پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
سەلام کوردە، سەرۆکی فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە سوێد، سەبارەت بە ئامانجی کۆبوونەوەکە بە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی راگەیاند، "چەندین ساڵە کار دەکەین بۆ ئەوەی پەرە بەو تۆڕە پەیوەندییەی نێوان کورد، پەرلەمانی سوێد و سیاسییەکان بدەین؛ هەروەها پەیوەندییەکانی کوردانی دیاسپۆرا لەگەڵ پەرلەمان باشتر بکەین و باس لە تەوەری نوێ بکەین لەسەر چۆنێتیی هاوکاریکردنی کوردستان."
سەلام کوردە ئاماژەی بەوەش کرد، بوونی شەش پەرلەمانتاری کورد لەنێو پارتە جیاوازەکانی پەرلەمانی سوێد جێگەی دڵخۆشییە، "سیاسەتی دیاسپۆرای کوردستانی ئەوەیە ئێمە خۆمان لەگەڵ سیاسەت و یاسای ئەو وڵاتانە بگونجێنین کە تێیدا دەژین و وەک هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتانە رەفتار بکەین."



.jpg&w=3840&q=75)
