رووداو دیجیتاڵ
یاسین عەبدوڵڵا، گەنجێکی خەڵکی سلێمانییە و لە ساڵی 2018ـەوە کوردستانی بەجێهێشتووە. ئەو هاونیشتمانییە پێنج ساڵ لە ئەڵمانیا بووە و چوار ساڵیشە لە بەریتانیایە، لە گێڕانەوەی چیرۆکی پەناخوازی خۆیدا باس لە دۆخێکی سەخت دەکات.
یاسین کە کێشەی زمانگیرانی هەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە بەریتانیا رەچاوی ئەم دۆخە تەندروستی و دەروونییەی نەکراوە و بە شێوازێکی نادادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
یاسین بە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی راگەیاند: "لە ساڵی 2023 مافی مانەوەم بۆ گەڕایەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر چووبوومە ئەڵمانیا و دوای شەش مانگ گەڕامەوە بەریتانیا، مافی مانەوەم لێوەرگیرایەوە."
بە گوتەی ئەو پەناخوازە، لە کاتێکدا کێشەی زمانگیرانی هەیە و پێویستی بە هاوکاریی مرۆییە، لە نوێترین بڕیاردا ئاگاداركردنەوەی دەرکردنی لە خانووەکەی پێگەیشتووە.
ئێستا ئەو هاونیشتمانییە نزیکەی چوار هەفتەیە بێ ماڵ و حاڵ و هاوکاری سۆسیال ماوەتەوە، لەلایەن رێکخراوەکان و پارێزەرەکانیشەوە بەهۆی نەبوونی وەرەقەی دادگا وەڵام نەدراوەتەوە و ئێستا لای هاوڕێکانی دەمێنێتەوە.
ئەو پەناخوازە کە لە شارێکی نزیک لیدز دەژی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەریتانیا وەک جاران نەماوە و یاساکانی گۆڕاون؛ مافی پەنابەری و رەچاوکردنی باری تەندروستی و دەروونیی کەسەکان وەک پێویست نەماون.
یاسین هۆشداری دەداتە ئەو گەنجانەی دەیانەوێ روو لە بەریتانیا بکەن و دەڵێ: "ئەگەر خزمێکت لێرە نەبێت، کەس هاوکاریت ناکات. پێشنیاز دەکەم گەنجان نەیەن و ئەڵمانیا یان ئیتالیا زۆر لێرە باشترن."

.jpg&w=3840&q=75)

