رووداو دیجیتاڵ
توێژەرێکی کورد لە پۆڵەندا، توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر پەیوەندیی نێوان رووناکی و ماددە، پێشکێشی چەند زانکۆیەکی جیهانی کردووە.
ئارام ئاکۆیی، خاوەنی ئەم توێژینەوەیە، لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا باسی لەوە کرد، "ئەو توێژینەوەیەی کە پێشکێشی زانکۆکانی ئۆکسفۆرد و کامبریجم کردووە، پێشوازییەکی زۆری لێکراوە و کارەکە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە."
ئارام ئاکۆیی دەڵێت، توێژینەوەکە پەیوەندیی بە کارلێکی نێوان رووناکی و ماددە موگناتیسییەکانەوە هەیە کە توانای گۆڕینی گەرمییان هەیە و لە بوارەکانی وەک کۆمپیوتەر و هۆشدارییەکانی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێن.
سەبارەت بە گرنگی ئەم توێژینەوەیە بۆ شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، ئارام ئاکۆیی دەڵێت، "لەو بوارەدا کە پەیوەندی بە رادارو داتاکانەوە هەیە، ئەگەر بۆ ژیانی سادەی خەڵک باسی بکەین، رووداوەکان کەمتر دەبن، شۆفێر خێراتر لە جووڵەی تەنەکان ئاگاداردەکرێتەوە."
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەش کرد، لە قۆناخی دووەمی توێژینەوەکەیدایە و پێشکێشی زانکۆکانی ئەمریکاشی کردووە.




