رووداو دیجیتاڵ
گەنجانی کورد لە ئەڵمانیا، بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆیان، توانیویانە لە ریزی سوپای ئەو وڵاتەدا پێگەی گرنگ بەدەستبهێنن. محەممەد، گەنجێکی رۆژئاوای کوردستانە، یەکێکە لەو ئەفسەرە کوردانەی توانیویەتی لە بواری تەکنەلۆجیای سوپای ئەڵمانیادا کار بکات و ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتووی دیاسپۆرای کوردی.
محەممەد، لە ساڵی 2016ـەوە وەک پەنابەر رووی لە ئەڵمانیا کردووە، باس لە سەرەتای ژیانی لەو وڵاتە دەکات و بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند: "کاتێک هاتمە ئەڵمانیا، بڕیارمدا زمانی ئەڵمانی فێرببم. دوای ساڵ و نیوێک مافی پەنابەریم وەرگرت و پاشان خەونم، کە بوون بە ئەندازیاری ئایتی بوو، هێنایە دی." ئەو ئەفسەرە کوردەی نێو سوپای ئەڵمانیا لە ساڵی 2019ـەوە دەستی بە خوێندنی زانکۆ کردووە لەو بوارەدا و لە ساڵی 2022 خوێندنی تەواو کردووە.
محەممەد، پاڵنەری سەرەکی خۆی بۆ چوونە ناو سوپای ئەڵمانیا بۆ خواستی خزمەتکردن و هاوکاریکردنی ئەڵمانیا دەگەڕێنێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی هاوکارییەکانی سوپای ئەڵمانیای بۆ پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان لە کاتی شەڕی داعشدا بینیوە و رایگەیاند: "بینیم سوپای ئەڵمانیا چۆن هاوکاری خەڵکی ئێمەی کرد، بۆیە هەستم کرد ئەمە ئەرکی سەرشانی منیشە وەک مرۆڤێکی ئەکتیڤ، کارێک بکەم و خزمەت بە کۆمەڵگەی ئەڵمانیا و مرۆڤایەتی بگەیێنم."
پرۆسەی وەرگرتن لە سوپای ئەڵمانیا ئاسان نییە و پێویستی بە تێپەڕاندنی چەندین تاقیکردنەوەی هەیە، لەوانە تاقیکردنەوەی وەرزشی، زمانی ئەڵمانی، ئینگلیزی، ماتماتیک، زانیاریی گشتی و تاقیکردنەوەی دەروونی. محەممەد لەمبارەیەوە دەڵێت: "هەندێک ترسم هەبوو، چونکە نەمدەزانی کۆتاییەکەی چی دەبێت، بەڵام خێزانەکەم پاڵپشتێکی گەورەم بوون. کاتێک لە تاقیکردنەوەکان دەرچووم، پرۆفیسۆر و ئەفسەرەکان پێشوازییەکی گەرمیان لێکردم و پێیان گوتم 'بەخێر بێیت بۆ نێو سوپای ئەڵمانیا'."
ئەم گەنجە کوردە ئێستا وەک ئەفسەر لە بەشی ئایتی لە فەرمانگەی فیدراڵی بۆ تەکنەلۆجیای زانیاری و بەڕێوەبردنی سوپای ئەڵمانیا کاردەکات، کە بەرپرسە لە دابینکردنی پێداویستییە تەکنەلۆجی و سەربازییەکانی سوپا. محەممەد داوا لە گەنجانی کورد دەکات کە لە ئەڵمانیا دەژین، پاڵپشتی یەکدی بن و لە کایە جیاوازەکاندا خۆیان پێشبخەن و گوتی "دەخوازم گەنجانی ئێمە لەم وڵاتەدا دەستی یەک بگرن و خۆیان پێشبخەن، چونکە لێرە دەرفەتی زۆر هەیە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت کار بکەن و بگەنە ئامانجەکانیان."

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)