رووداو دیجیتاڵ هاڤین سندی، هونەرمەند و ئەکادیمیی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا، لە رێگەی پڕۆژەیەکی هونەری و کولتوورییەوە منداڵانی ئەڵمانیا و رۆژئاوای کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە، تاوەکو لە رێگەی هونەر و گۆرانییەوە مێژوو و کولتووری کوردستان بە منداڵانی دیاسپۆڕا و ئەڵمانیا بناسێنێت. پڕۆژەکە بە بەشداری 200 منداڵ لە شارۆچکەی دویسبۆرگی هەرێمی باکووری راین-ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا و 200 منداڵی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، منداڵانی ئەڵمانیا و نەتەوە جیاوازەکانی دیکە فێری مێژوو، کولتوور و تەنانەت گوتنی گۆرانیی کوردی کراون. دکتۆر هاڤین سندی لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی دیاسپۆرا، سەبارەت بە ئامانجی پڕۆژەکەی رایگەیاند: "ویستم سەرنج بخەمە سەر ئەوەی کە منداڵانی کورد چەندە زیرەکن." لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، سەرنج خراوەتە سەر گۆڕانکارییە ژینگەییەکانی کوردستان و کاریگەرییان لەسەر سرووشت. د. هاڤین سندی ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ گرووپێکی بایۆلۆجی توێژینەوەی لەسەر رووەک و گوڵەکانی کوردستان کردووە و گوتی: "بینیمان گوڵەکانی کوردستان دەگۆڕدرێن، چونکە زەوی کوردستان کەوتووەتە دەستی ناکورد، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر سرووشتەکەمان دروستکردووە." سەبارەت بە شێوازی کارکردن لەگەڵ منداڵانی ئەڵمانیا و گەیاندنی پەیامەکە، ئەو هونەرمەندە رایدەگەیەنێت: "هێدی هێدی مێژووی کوردستانمان پێ ناساندن بێ ئەوەی هەست بە ئاڵۆزی بکەن، تاوەکو کار گەیشتە ئەوەی منداڵانی ئەڵمانیا و نەتەوەکانی دیکە بە زمانی کوردی گۆرانییان گوتەوە." سەرباری ئاستەنگەکان، لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا قوتابخانەیەکی هونەری تایبەت بۆ منداڵان لە رۆژئاوای کوردستان کراوەتەوە، تاوەکو لە رێگەی شێوەکاری، میوزیک و کارە دەستییەکانەوە بەهرەکانیان بەرەوپێش ببەن و کولتووری رەسەنی ناوچەکەیان بپارێزن.