رووداو دیجیتاڵ
رێژیان حەکیم، هاونیشتمانییەکی خەڵکی رەواندزی هەرێمی کوردستانە، دوای شەهیدبوونی هاوژینەکەی لە شەڕی دژی داعش لە ساڵی 2016 و رووبەڕووبوونەوەی سەختییەکانی ژیان، رووی لە فینلاند کرد. ئەو ژنە ئێستا وەک شۆفێری پاس کار دەکات و بووەتە نموونەی سەربەخۆیی و کۆڵنەدان بۆ ژنانی کورد.
لەبارەی ئەو قۆناخە سەختەی ژیانی، رێژیان بە بەرنامەی دیاسپۆرا رایگەیاند: "لەدەستدانی هاوژینەکەم و هەبوونی دوو منداڵ بەرپرسیارییەکی زۆری خستە سەر شانم. هەندێک جار خۆم ماندوو و دڵتەنگ دەبووم، بەڵام بە خۆمم دەگوت دەبێت بەردەوام بم، چونکە منداڵەکانم پێویستیان بە منە. ئەوان بوونە هێزی من."
چوون بۆ وڵاتێکی نوێ بە زمان و کولتوورێکی جیاوازەوە ئاستەنگێکی دیکە بوو لە پێش رێژیان، بەڵام ئەو هاونیشتمانییە بڕیاریدا تەنیا چاوەڕوانی یارمەتی نەبێت.
ئەو ژنە دیاسپۆرانشینە سەبارەت بە دەستپێکی ژیانی لە فینلاند دەڵێت: "دەمویست فێربم، کار بکەم و خۆم ژیانم بەڕێوەببەم. هەنگاو بە هەنگاو دەستم پێکرد و چوومە کۆرسی زمان، تاوەکو توانیم لە ژیانی رۆژانەدا یارمەتیی خۆم و منداڵەکانم بدەم. ئەوە منی بەهێزتر کرد."
بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی دارایی و پشتبەخۆبەستن، ئەو ژنە بڕیاریدا بڕوانامەی شۆفێریی پاس بەدەستبهێنێت. هاونیشتمانییەکە لەبارەی ئەو پیشەیەوە ئاماژە بەوە دەکات: "شۆفێریی ئۆتۆمبێلی گەورە بۆ من تەنیا پیشە نییە، بەڵکو بووەتە نیشانەی سەربەخۆیی و متمانە بەخۆبوون. گەیشتن بەوەی بتوانم بە سەربەخۆیی کار بکەم."
ئەو ژنە کوردە کۆڵنەدان بە پەیامی سەرەکیی خۆی دەزانێت بۆ ژنانی دیکە و دەڵێت: "بۆ من گرنگە ژن کۆڵ نەدات لە بەرامبەر خەم، لەدەستدان و کەوتن. دەمەوێ کچە کوردەکانیش ببینن کە دەتوانن خوێندن تەواو بکەن، پیشە فێرببن، کار بکەن و سەربەخۆ بن. گرنگ نییە خەڵک بڵێن ئەو ژنە ناتوانێت، من حەز دەکەم بە کردار و هەوڵەکانم وەڵامی ئەو بیرکردنەوەیە بدەمەوە."

