رووداو دیجیتاڵ
خانمێکی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا بە ناوی کەشما بەختیار، توانیویەتی بەرهەمێکی سرووشتی بۆ چارەسەرکردنی وەرینی قژ و درێژکردنی پەرەپێبدات. بەرهەمەکەی لە بەرنامەیەکی بەناوبانگی تەلەڤزیۆنیی ئەڵمانیا نمایشکرد و سەرنجی گەورە وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتەی راکێشاوە.
کەشما بەختیار بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، بیرۆکەی دروستکردنی ئەم بەرهەمە لە ئەزموونی کەسیی خۆییەوە هاتووە و گوتی: "من خۆم تووشی نەخۆشی بووم، بەهۆی سترێس و نەخۆشییەکەوە قژم زۆر دەوەری. دوای ئەوەی چەندین بەرهەمی کیمیاییم تاقیکردەوە و ئەنجامی نەبوو، دەستم کرد بە تاقیکردنەوەی رۆنە سرووشتییەکان."
کەشما ئاماژەی بەوە کرد: "بەرهەمەکە لە حەڤدە جۆر رۆنی سرووشتی و ڤیتامین پێکهاتووە، لەوانە رۆنی رۆزماری، ئارگان و یۆیۆبا. بۆ 2 ساڵ لەگەڵ تاقیگەیەکی گەورەی ئەڵمانیا کارمان لەسەر رەچەتەکەی کردووە."
بە گوتەی ئەو خانمە کوردە، تاقیکردنەوە زانستییەکان سەلماندوویانە کە بەرهەمەکە دەبێتە هۆی ئەوەی "لە 2 مانگدا بە رێژەی 31% درێژیی قژ زۆرتر بێت و رێگری لە وەرینی دەکات."
کەشما باسی لە ئاستەنگەکانی گەیشتن بە بەرنامە تەلەڤزیۆنییە ناوبانگەکەی ئەڵمانیا کرد و گوتی: "3 جار داواکاریم پێشکەش کرد؛ 2 جار رەتکرامەوە، بەڵام لە جاری 3یەمدا وەرگیرام. کاتێک چوومە بەرنامەکە، هەموو وەبەرهێنەرە گەورەکانی ئەڵمانیا بە ئەرێنی هەڵسەنگاندنیان بۆ بەرهەمەکە کرد و دەستخۆشییان لێکردم."
لەبارەی بەردەستبوونی بەرهەمەکە لە بازاڕ، کەشما روونیکردەوە ئێستا داواکارییەکی زۆر لەسەر بەرهەمەکە هەیە و گوتی: "ئێستا بەرهەمەکانمان بە تەواوی فرۆشراون و نەماون. قەرزداری زیاتر لە 8000 بەرهەمین بۆ کڕیاران. بەڵام بەنیازم بەم زووانە بەرهەمەکە ببەمە کوردستان و لە چەندین دەرمانخانە بەردەست دەبێت"

