رووداو دیجیتاڵ
سێ ساڵە سەرجەم مەرجەکانی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەڵمانیای جێبەجێ کردووە، بەڵام هێشتا وەڵامی نەدراوەتەوە. مونیر ئادەم، خۆی وەک وەرگێڕێکی لە ئەڵمانیا کار دەکات و یارمەتیی کۆچبەران و پەناخوازان دەدات لە راپەڕاندنی کاروبارە یاساییەکانیاندا، ئێستا خۆیشی لە نێو بیرۆکراسیی ئەو وڵاتەدا چاوەڕوانە. بەڵام ئەو بە پێکەنین و وزەیەکی ئەرێنییەوە رووبەڕووی ئەم دۆخە دەبێتەوە.
مونیر ئادەم، لە ساڵی 2015 وەکو پەناخوازێک رووی لە ئەڵمانیا کردووە. ئەو لەبارەی سەرەتای گەیشتنی رایدەگەیێنێت: کاتێک هاتووەتە ئەڵمانیا وەک پەنابەر مافی مانەوەی پێدراوە. پاشان قۆناخەکانی فێربوونی زمانی ئەڵمانی دەبڕێت و دەبێتە وەرگێڕ.
سەرباری ئەوەی سێ ساڵی تەواوە چاوەڕێی وەرگرتنی پاسپۆرتی ئەڵمانییە، بەڵام ئەو گەنجە هۆکاری دواکەوتنی مامەڵەکەی بۆ گۆڕانکاری لە یاساکانی ئەڵمانیا دەگەڕێنێتەوە و گوتی: "لە 2024 یاساکە گۆڕا و ئاسانیان کرد، ماوەکەیان هێنایە پێنج ساڵ، بۆیە خەڵکێکی زۆر پێشکەشی کردووە و گوشارێکی زۆر لەسەر فەرمانگەکان دروست بووە.
پاسپۆرتی ئەڵمانی بۆ مونیر تەنیا ناسنامەیەک نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمانەکەی کە 11 ساڵە لێی دابڕاوە. گوتی: "مرۆڤ حەز بە دڵنیایی دەکات، کە پاسپۆرتی ئەڵمانیت هەبێت چانست زۆرترە و لە دامودەزگاکانیشدا ئاسانکاریت بۆ دەکرێت. ئەگەر پاسپۆرتەکە وەرگرم، یەکەم گەشتم بۆ کوردستان دەبێت، 11 ساڵە نەرۆیشتوومەتەوە و بیرم کردووە."
مونیر خۆی خەڵکی ناوچەی سورچیایەتییە لە پارێزگای دهۆک، بە تێکەڵەیەک لە زاری سۆرانی و بادینی قسە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، زمانی کوردی دەوڵەمەندە و دەکرێت شێوەزاری سورچیش ببێتە پردێک لە نێوان زارەکاندا. ئەو پەیامێکی گەشبینانە ئاراستەی ئەو پەنابەرانە دەکات کە لە چاوەڕوانیدا بێتاقەت بوون: "نابێت مرۆڤ تووشی بێتاقەتی بێت و خۆی بداتە دەست، بەتایبەت لە غەریبی، دەبێت مرۆڤ بەهێز بێت بۆ هەموو ئەگەرێک."
بۆچی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەڵمانی ئەوەندە دەخایەنێت؟
کەمیی فەرمانبەر، زۆریی مامەڵەکان و هەڵەی ناو و بەڵگەنامەکان؛ ئەمانە سەرەکیترین ئەو هۆکارانەن وایانکردووە هەزاران پەنابەر و کۆچبەر لە ئەڵمانیا ساڵانێکی درێژ لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی پاسپۆرت و وڵاتینامەی ئەو وڵاتەدا بمێننەوە. پسپۆڕان و راوێژکارانی بواری کۆچبەری ئاماژە بەوە دەکەن گوشارێکی بێوێنە لەسەر فەرمانگەکان هەیە.
شەماڵ زەنگەنە، راوێژکاری بواری پەنابەران ساڵانێکی زۆرە لە ئەڵمانیا لەم بوارەدا کار دەکات، پەردە لەسەر کێشە ناوخۆیییەکانی فەرمانگەکانی ئەڵمانیا لادەدات و دەڵێت: "لە ویلایەتێکی ئەڵمانیا تەنیا حەوت فەرمانبەر هەن کە کار لەسەر دۆسیەکان دەکەن، زیاتر لە 3400 داواکاری هەیە کە پێویستە کاریان تێدا بکرێت. تەنانەت دوو لەو فەرمانبەرانە بەهۆی زۆریی کار و گوشاری دەروونییەوە تووشی نەخۆشی بوون."
بەپێی گوتەی زەنگەنە، یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکان بۆ کەموکورتیی بەڵگەنامەکانی خودی پێشکەشکاران دەگەڕێتەوە. ئەو دەڵێت: "ئەو دۆکۆمێنتانەی پێشکەش دەکرێن، زۆربەی زۆری کەموکوڕی تێدایە؛ زۆربەیان ناونیشان و مێژووی لەدایکبوونیان گۆڕیوە، تەنانەت ناوی وڵاتەکەی خۆشیان گۆڕیوە. ئەم جیاوازییانە وا دەکات مامەڵەکان دواکەون." زەنگەنە ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆرجار داوای پاسپۆرتی عێراقی لە پێشکەشکاران دەکرێت، بەڵام بەهۆی گۆڕینی ناوەکانیانەوە ناتوانن بیهێنن.
هەڵە لە ئەژمارکردنی ساڵانی مانەوەی پەنابەران لە لایەن دامودەزگاکانەوە، هۆکارێکی دیکەی ئەم چەقبەستووییەیە. شەماڵ زەنگەنە رایدەگەیێنێت: "دامودەزگا تایبەتەکان ژماردنی ساڵانی ئیقامەکە بە هەڵە دەکەن، بۆ نموونە کەسێک پێشتر پێنج ساڵی هەبووە، بەڵام سێ ساڵ دادەنرێت. یاخود لەبری پێنج ساڵ، دوایی دەردەکەوێت تەنیا چوار ساڵ حساب کراوە."
ئەم چاوەڕوانییە درێژخایەنە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر کە مەرجەکانیان تێدایە، سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن. زەنگەنە دەڵێت: "پارێزەرەکان سکاڵایان تۆمارکردووە بەپێی ماددەی 7، کە دەبێت پێشوەختە کار لەسەر ئەو دۆسیانە بکرێت کە سکاڵایان لەسەرە." ئەو جەخت دەکاتەوە کە چارەسەری ئەم کێشەیە تەنیا بە یەکلاییکردنەوەی دۆسیە یاسایییەکان و زیادکردنی ژمارەی فەرمانبەران دەبێت، چونکە ئەم کێشە بیرۆکراسییە بێتاقەتییەکی زۆری لە لایەن کۆچبەرانەوە لێکەوتووەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)