رووداو دیجیتاڵ
دادگای باڵای هەرێمی لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، سزای زیندانیکردنی بەسەر ژن و مێردێکی کورددا سەپاند کە پێشتر لە ریزەکانی داعشدا بوون و کۆیلەدارییان بە دوو کچی ئێزدییەوە کردووە.
تاوانبارەکان بریتین لە (توانا هەیچ) و (ئاسیا ئار) کە هەردووکیان خەڵکی باشووری کوردستانن و ئێستا لەیەکدی جیابوونەتەوە. بەپێی بەڵگەکانی دادگا، ئەم دوو کەسە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017 چوونەتە نێو ریزەکانی داعش، لەوێ هاوسەرگیرییان کردووە و دواتر لە ساڵی 2018ـدا چوونەتە ئەڵمانیا.
توانا کە لە سەرەتای دووهەزارەکانەوە لە ئەڵمانیا ژیاوە و پیشەی سەرتاش بووە، دوای تێکەڵبوونی لەگەڵ کەسانی تووندئاژۆ، چووەتە شاری مووسڵ. دادگا بەڵگەی تەواوی خستووەتەڕوو کە توانا لە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ژنانی ئێزدی، کچێکی تەمەن 5 ساڵان و دواتریش کچێکی تەمەن 12 ساڵانی کڕیوە و بردوونیەتییە ماڵەوە.
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، ئاسیای هاوژینی نەک تەنیا دژی ئەم کارە نەبووە، بەڵکو هاوکاریی کردووە و میکیابی بۆ یەکێک لە کچەکان کردووە تاوەکو هاوژینەکەی دەستدرێژیی بکاتە سەر. هەروەها هەردووکیان دەستی کچەکانیان بە ئاوی گەرم سووتاندووە و ئەشکەنجەیان داون.
کچە 12 ساڵانەکە کە ئێستا گەورە بووە، وەک شایەتحاڵ لە دادگا ئامادە بووە و چیرۆکی تاوانەکانی گێڕاوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی کچە 5 ساڵانەکە نادیارە.
دوای دەستگیرکردنیان لە مانگی نیسانی 2024 لە میونشن، دادگا سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر توانا و سزای 9 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی بەسەر ئاسیا دا سەپاند. پێشتریش لە ساڵی 2018ـدا، توانا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستیدا، سزای 4 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)