رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەورووپا (یۆرۆپۆل) رایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن، توانیویانە باندێکی قاچاخچێتی لە سربیا هەڵبوەشێننەوە و دوو پۆلیسیش بە تۆمەتی تێوەگلان لە هێنانی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ هەنگاریا دەستگیربکەن.
بەپێی راگەیێندراوەکەی یۆرۆپۆل، ئەم باندە بە درێژایی ئەمساڵ دەیان کۆچبەریان لە تورکیاوە گواستووەتەوە بۆ بولگاریا، پاشان بۆ سربیا و لەوێشەوە بۆ هەنگاریا. بۆ گواستنەوەی هەر کۆچبەرێکیش بڕی 1,300 یۆرۆیان وەرگرتووە.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، جگە لە دوو پۆلیسەکە، قاچاخچییەکی گەورە و دوو کەسی دیکەش دەستگیرکراون. هەروەها دەستبەسەر سێ ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی کۆچبەران، چەک و تەقەمەنی، ئامێرێکی بێتەل، مۆبایل و بڕێک پارەی کاشدا گیراوە.
زانیارییەکانی پۆلیس دەریدەخەن کە پۆلیسە تۆمەتبارەکان بۆ گەیاندنی هەر کۆچبەرێک تاوەکو شاری بێلگرادی پایتەختی سربیا، بڕی 1,000 یۆرۆ و لەوێشەوە بۆ هەنگاریا بڕی 300 یۆرۆیان وەرگرتووە. پارەکانیش لە رێگەی سیستمی (حەواڵە)ـوە لە کۆچبەرەکان وەرگیراون.
لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی کوردستان، بەتایبەتی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، رێگەی بولگاریا و سربیایان بۆ گەیشتن بە هەنگاریا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەکارهێناوە. بەڵام لە راپۆرتەکەی ئینتەرپۆلدا ئاماژە بە رەگەزنامەی ئەو کۆچبەرانە نەکراوە کە لەلایەن ئەم باندەوە گواستراونەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)