رووداو دیجیتاڵ دادگایەکی بەریتانیا، سزای 60 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر سێ گەنجدا سەپاند کە یەکێکیان کوردە و دووانەکەی دیکە میسرین، ئەوەش بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی بەریتانی لە ناوچەی برایتنی ئینگلتەرا. بەپێی زانیارییەکانی دۆسیەکە، رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2025، کاتێک ژنێکی تەمەن 30 ساڵان لە دۆخێکی زۆر خراپی جەستەیی و دەروونیدا پەنا دەباتە بەر پۆلیسی ناوچەی برایتن و رایدەگەیێنێت کە لەلایەن سێ پیاوەوە دەستدرێژی کراوەتە سەری. پۆلیس لە رێگەی کامێرا و سیستمی پشکنینی ناسنامەی یەکێک لە یانە شەوانەکانی ناوچەکەوە دەگاتە ناسنامەی تۆمەتبارەکان. تۆمەتبارە میسرییەکان ناویان ئیبراهیم (26 ساڵ) و کارین (21 ساڵ)ـە، لەگەڵ گەنجێکی کورد بە ناوی "عەبدوڵڵا. ئەی" کە تەمەنی 26 ساڵە و وەک خاوەن وڵاتینامەی ئێرانی داوای مافی پەنابەریی کردووە؛ ئەوکات هەرسێکیان لە هۆتێلێکی پەنابەران لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوون. دوای دەستگیرکردنیان، پۆلیس لەنێو مۆبایلی "کارین"دا ڤیدیۆی تەواوی دەستدرێژییەکە دەدۆزێتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت ژنەکە بەهۆی لێدان و سووکایەتیپێکردنەوە لەهۆش خۆی چووە. هەروەها لە مۆبایلی گەنجە کوردەکەشدا دەرکەوتووە کە ڤیدیۆکەی بۆ نێردراوە و چەندین جار تەماشای کردووەتەوە. لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، دادگا سزایەکی قورستری بۆ هەرسێ دەستدرێژیکارەکە دەرکردبوو، بەڵام ئەم هەفتەیە سزای گەنجە کوردەکە و یەکێک لە میسرییەکان بۆ 21 ساڵ زیندانیکردن و سزای گەنجەکەی دیکەش (کە ڤیدیۆکەی تۆمارکردووە) بۆ 18 ساڵ زیندانیکردن کەمکرایەوە. سەرەڕای ئەوەی پارێزەری گەنجە کوردەکە رایگەیاندووە کە تۆمەتبار بەڵگەنامەی رازیبوون بە دیپۆرتکردنەوەی واژۆ کردووە، بەڵام بەپێی بڕیاری دادگا، دەبێت لانی کەم سێ بەشی سزاکەیان لە زیندانەکانی بەریتانیا بەسەربەرن.
دیاسپۆرا17-07-2026هەرێمی برێمن لە ئەڵمانیا پرۆژەیەک بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی زمانی کوردی جێبەجێ دەکات