رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 40 ساڵ لە کۆچکردن و جێهێشتنی زێدی باو و باپیرانیان لە باکووری کوردستان، نوێنەرایەتیی ئێزیدییەکانی دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا، زنجیرەیەک دانوستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەستپێکردووە بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر خاک و گوندەکانی خۆیان و وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانیان.
ژمارەی ئەو ئێزدییانەی لە باکووری کوردستان مابوونەوە و کۆچیان نەکردبوو بۆ دەرەوەی وڵات، کەمتر بووە لە 600 کەس، دەیان گوندیان بە تەواوی چۆڵ ببوون. بەڵام لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نوێدا، هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەی هاووڵاتیان دەستیان پێکردووەتەوە.
شەهاب داخ راوێژکاری ماڵی ئێزدییان لە ئۆلدنبێرگی ئەڵمانیا، بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند: "ئێمە لە چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوانەی کردوومانە، لە تەواوی تورکیا و باکووری کوردستان تەنیا 600 کەسی ئێزدی لەوێ ماون. بەڵام ئێستا تاڕادەیەک بارودۆخەکە باشتربووە و دەبینین ئێزیدییەکان دەگەڕێنەوە سەر خاک و واری خۆیان و گوندەکانیان ئاوەدان دەکەنەوە، ئێزدی ناچار کرابوون کۆچ بکەن، نەک بە ئارەزووی خۆیان روویان لە دەرەوەی وڵات کردبێت."
سەبارەت بە گرفتەکانی بەردەم گەڕانەوەیان، شەهاب داخ ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی گوندەکانیان خاپوور کراون یان زەوییەکانیان لەلایەن کەسانی دیکەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و گوتی: "ئێمە حەوت داواکاری سەرەکیمان هەیە کە پێشکەشی حکومەتی تورکیامان کردووە؛ یەکەمین و گرنگترینیان ئەوەیە کە ئێزیدی وەک ناسنامەیەکی فەرمی لە وڵاتەکەدا بناسرێت. هەروەها دەبێت جێ و واری ئێزیدییەکان کە پێشتر بە زۆر لێیان سەندراوە، بەبێ مەرج بۆیان بگەڕێندرێتەوە. پێویستە خزمەتگوزارییەکانی وەک رێگاوبان، کارەبا و ئینتەرنێت بۆ گوندەکان دابین بکرێت و شوێنە پیرۆزەکان و گۆڕستانەکانمان بپارێزرێن."
هاوکات، ئەمین بەرشە، نوێنەرێکی دیکەی ئێزیدییەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیا، تیشکی خستە سەر لایەنی کارگێڕی و رێکخستنی ناوخۆیی پڕۆسەکە و گوتی: "ئەم پێنج پارێزگایەی کە ئێزیدییەکانی تێدا دەژین (شەرناخ، مێردین، ئورفا، ئامەد و باتمان)، پێویستیان بە رێکخستنەوە هەیە. دەبێت لە هەر ناوچەیەکدا ئەنجوومەنێکی خۆجێیی هەبێت بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی گوندەکان بکات و کێشەکانیان بگەیەنێتە لایەنە پەیوەندیدارەکان. گوتیشی، دوای ئەم هەموو ساڵە، دڵیان هێشتا لای خاکەکەیانە و پەیوەستین پێوەی."
نوێنەرانی ئێزیدی ئاشکرایان کرد لە ماوەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا لە شارەکانی هانۆڤەر، بەرلین و ئەنقەرە ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی گەرەنتی یاسایی بۆ پاراستنی مافەکانیان دابین بکرێت. نوێنەرانی ئێزدی جەخت دەکەنەوە کە پڕۆسەی گەڕانەوە پێویستی بە هەنگاوی کرداری و گەورە هەیە، نەک تەنیا بەڵێنی زارەکی.
سەبارەت بەو کەسانەی پشتگیری پڕۆژەکە دەکەن، ئەو نوێنەرەی ئێزدییان گوتی: "نزیکەی 200 کەس پشتگیریمان دەکەن، لەوانەش پڕۆفیسۆر، پارێزەر، کەسانی زانا و کارسازن." روونیشیکردەوە کە دەرگایان بۆ هەر کەسێک کراوەیە بیەوێت هاوکارییان بکات.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)