رووداو دیجیتاڵ
فیلمی (بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت) خەڵاتی جیهانی ئازادی لەلایەن ئۆکرایناوە پێبەخشرا و دەرهێنەرە کوردەکەش خەڵاتەکەی پێشکێش بە ژنانی کورد کرد کە "لەبەرامبەر داعشدا سەریان دانەنواند".
خەڵاتەکە ئێوارەی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، لە فێستیڤاڵی فیلمی شەوە رەشەکانی تالین لە ئیستۆنیا، بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و سینەماکارانی وڵاتانی جیاوازی جیهان پێشکێش بە هەڵکەوت مستەفا کرا. ئەم خەڵاتەی مافی مرۆڤ لەلایەن ئینستیتیوتی فیلمی ئۆکرایناوە دامەزراوە و بە هاوکاریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆدێسا پێشکێش کرا.
ئەندری ئۆسیپۆڤ، بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی فیلمی ئۆکراینا، لەکاتی پێشکێشکردنی خەڵاتەکەدا بە هەڵکەوت مستەفا گوتی: "ئەم خەڵاتە لە پارچەی ئەو چەکانەی رووسیا دروست کراوە کە لە ئۆکراینا خەڵکیان پێ دەکوژرێت. پارچەکانی ئەو چەکانەمان تواندووەتەوە و خەڵاتی جیهانی ئازادمان لێ دروست کردوون."
ئۆسیپۆڤ گوتیشی: "ئەم خەڵاتە دەبەخشینە فیلمێک کە چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە کە لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی بەتەنیا بۆ مانەوەی خۆی دەجەنگێت. سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەدا کاریان کردووە."
هەڵکەوت مستەفا، نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە، گوتی: "ئەم خەڵاتە پێشکێش بە هەموو ژنانی جیهان دەکەم کە بۆ ئازادی و بۆ مانەوەی خۆیان دەجەنگن؛ هەروەها پێشکێشی ئەو ژنە کوردانەی دەکەم کە لەبەردەم تاریکیی داعشدا سەریان دانەنواند."
فیلمی (بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت) چیرۆکی ژنێکی قەناسی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە کە لە نەرویجەوە دەگەڕێتەوە مووسڵ و بە نهێنی دەچێتە ناو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش بۆ ئەوەی خوشکە بچووکەکەی رزگار بکات. ئاڤان جەمال رۆڵی سەرەکیی فیلمەکە دەبینێت و مستەفا بۆ نووسینی فیلمەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە ژنانی پێشمەرگەدا گفتوگۆی کردووە کە دژی داعش جەنگاون.
فیلمەکە لە 7ـی ئەیلوولی 2026 لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس یەکەم نمایشی جیهانیی خۆی کرد، دواتر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سکۆپیە خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەستهێنا و وەک نوێنەری عێراق بۆ ئۆسکار هەڵبژێردراوە.






