رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سەقز پێشانگەی خۆشنووسی بۆ هونەرمەندێکی شارەکە، بە ناونیشانی (ناڵەی جودایی) کرایەوە.
رۆژی چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، عوسمان چۆگوڵی، هونەرمەندی خۆشنووس بە رووداوی گوت:" هەوڵی ئەنجوومەنی خۆشنووسانی سەقز پێشانگەیەکی خۆشنووسیمان بە ناوی ناڵەی جودایی کردووەتەوە."
عوسمان چۆگوڵی گوتی: "لە پێشانگەکە شیعرەکانی کتێبی ناڵە جودایی مامۆستا هێمن موکریانی بە شێوەی خۆشنووسی نووسراوەتەوە."
بە گوتەی ئەو هونەرمەندە، لە پێشانگەکە 36 تابلۆی خۆشنووسی نمایش کراون.
ئەو هونەرمەندە دەڵێت، بە هۆی ئەوەی زۆر حەزی لە شیعر و نووسینەکانی مامۆستا هێمنە، شیعرەکانی ئەوی هەڵبژاردووە و بە شێوەی خۆشنووسی نووسیوێتی.
عوسمان چۆگوڵی ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی ئەوەیە لەو رێگەیەوە گەنجان زیاتر لەگەڵ شاعیرانی گەورەی نەتەوەی کورد ئاشنا بکات و پێشانگاکە بە مەبەستی پیشاندانی جوانیی شیعر و وشە لە رێگەی هونەری خۆشنووسیدا کراوەتەوە.
پێشانگەکە رۆژی سێشەممە 27ی تشرینی یەکەم کراوەتەوە تاوەکۆ رۆژی پێنجشەممە لە گەلەری پەردیس لە سینەما مێهری سەقز بەردەوام دەبێت.




_page-0001.jpg&w=3840&q=75)