رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر شانۆگەرییەک لەبارەی ژیانی شێتەکانی ساڵانی هەشتاکانی شارەکە بەرهەمهێندراوە و لە سەرەتای مانگی داهاتوو یەکەم نمایشی دەکرێت.
شانۆگەرییەکە ناوی "ئیمپراتۆریەتی هەیاس"ـە و چیرۆکێکی راستەقینەی شێتەکانی شاری هەولێر لە ساڵانی 70 و 80 کانی سەدەی رابردوو دەگێڕێتەوە.
کاژێر 06:00ـی ئێوارەی یەکی مانگی 11 لە هۆڵی رۆشنبیری یەکەم نمایشی دەکرێت و رۆژانی دواتر بەردەوام دەبێت.
شێت بەو کەسانە دەگوترێت کە ناجێگیری یان شێواویی دەروونییان هەیە، بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگەی کوردین، زۆربەی جار لەنێو بازاڕ و کۆڵانەکان دەمێننەوە و خەڵک سۆز و تێڕوانینێکی تایبەتیان بۆیان هەیە.
د. ژیلوان تاهیر، دراماتۆرگ و دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە رووداوی گوت: لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان، شێتەکانی هەولێر ویستوویانە ئیمپراتۆریەتێک بە ناوی 'شێتەکانی هەیاس' لە قشڵەی هەولێر دروست بکەن خۆیان لە خەڵکی شارەکە جیا بکەنەوە، بەڵام خەڵکی هەولێر ئەو خۆجیاکردنەوەیە قبووڵ ناکەن و دەیانگەڕێننەوە ناو شار، چونکە پێیان وایە ئەو کەسایەتییانە بەشێکن لە کولتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی شارەکە.
شانۆگەرییەکە هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەو چیرۆکەوە پەیوەندیی خەڵکی هەولێر و ئەو کەسایەتییانە هەروەها یادگارییەکانیان زیندوو بکاتەوە کە هێشتا هەندێکیان لە بیرەوەریی شارەکەدا ماونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەر خاوەندارێتیی شانۆگەرییەکە دەکات و ئەو ئەکتەرانەی هەڵبژێردراون خۆیان لە ساڵانی رووداوەکان ئەکتەر بوون.
بەکر مەعرووف ئەکتەری سەرەکیی شانۆگەرییەکەیە و رۆڵی «لاسی ئیمپراتۆر» دەبینێت. محەممەد عەلی عوزێری نووسەری شانۆگەرییەکەیە و د. ژیلوان تاهیر، دراماتۆرگ و دەرهێنەری شانۆگەرییەکەیە.


_page-0001.jpg&w=3840&q=75)
