رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پیشاندانی دیمەنێکی لە باوەشگرتن، دادگەی ئێران زنجیرە درامای (یل)ـی راگرت.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووە، بە فەرمانی لقی 35ـی دادگەی تاران کە تایبەتە بە کولتوور و میدیا، زنجیرە درامای (یل) بەهۆی بڵاوکردنەوەی (ناوەڕۆکی تاوانکاری) کە گوایە پێچەوانەی رەوشت و ئەخلاقی گشتییە، راگیرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەڵقەی شەشەمی ئەو درامایە دیمەنێک بڵاوبووەتەوە کە تێیدا ئافرەتێک، کە رۆڵی دایکێک (سوهەیلا رەزەوی، تەمەن 72 ساڵ) دەبینێت، باوەش بە کوڕە هەڵاتووەکەیدا (بابەک حەمیدیان، تەمەن 46 ساڵ) دەکات، کە دەمێک بوو نەیبینیبوو.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دادگە و بەشێک لە بەکارهێنەران دیمەنەکەیان بەپێچەوانەی رەوشتی گشتی، پێوەرە شەرعییەکان و کولتووری رەسەن وەسف کرد، بەو پێیەی دوو ئەکتەرەکە لە ژیانی راستیدا هیچ پەیوەندییەکی هاوسەرگیری یان خێزانییان پێکەوە نییە.
زنجیرەی (یل) کە بە کوردی بە مانای پاڵەوان دێت، لە دەرهێنانی (جەمشید مەحموودی)ـیە و کۆمەڵێک ئەکتەری ناسراوی وەکو (نەوید محەممەدزادە، میلاد کەی مەرام و بابەک حەمیدیان) تێیدا بەشدارییان کردووە و تاوەکو ئێستا تەنیا شەش ئەڵقەی لێ بڵاوکرابووەوە.
زنجیرە دراماکە هەفتانە تەنیا یەک ئەڵقەی لێ پەخش دەکرێت، لە هەرێمی کوردستانیش بینەری زۆری هەیە.

.jpg&w=3840&q=75)
