رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی دیاری کورد، سەعدوون کاکەیی، نوێترین بەرهەمی هونەریی خۆی بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ لەژێر ناونیشانی "جوانیی هەولێر" بڵاوکردەوە، کە تێیدا لە رێگەی ئاوێتەکردنی مێژوو و ئێستاوە، پەیامێکی پڕ لە ئومێد و خۆڕاگری ئاراستەی پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات؛ هاوکات لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی لە چەندین پڕۆژەی نوێی هونەری کرد بۆ ساڵیادی سلێمانی و جەژنی نەورۆز.
تێکستی گۆرانیی "جوانیی هەولێر" لە هۆنراوەی شاعیر نیاز بەگ هەوارییە؛ کاروانی تەیفوور کاری میکس و ماستەرینگی بۆ ئەنجامداوە و لەلایەن دەرهێنەر عادل ئاکرەیییەوە دەرهێنانی بۆ کراوە. کلیپەکە بە شێوازێکی هونەرییانە، لە گێڕانەوەی مێژوویی هێرشی هۆلاکۆ بۆ سەر قەڵای هەولێرەوە دەستپێدەکات و دەگاتە هەولێری ئەمڕۆ کە پڕە لە ئاوەدانی، گەشەپێدان و ئارامی.
پەیامی خۆڕاگری بۆ هەولێر دوای لافاو
سەعدوون کاکەیی لە میوانداریی بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، سەبارەت بە بیرۆکەی بەرهەمەکە ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە کارەکە پێشتر تۆمار کرابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە کاتی خۆیدا کاری میکس و ماستەرینگەکەی بەدڵ نەبووە، رایگرتبوو؛ تاوەکو ئەو کاتەی شارەکە رووبەڕووی لافاو و بارودۆخی سەختی کەشوهەوا بووەوە، ئەوکات بڕیاری تەواوکردنی داوە.
کاکەیی گوتی، "ئەم تۆفان و لافاوەم بینی، گوتم با ئەو خەڵکە بیر نەکاتەوە کە هەولێر بە شەو و رۆژێک خۆی بدات بە دەستەوە! ئەمە هەولێرە و پایتەختە، هەر بە جوانیی خۆی دەمێنێتەوە. هەولێر هەمیشە لە لووتکەیە و دەبێت بیسەلمێنین لە لووتکەدایە؛ چی هونەر و مۆسیقا و وشەی جوان هەیە دەبێت بۆ خزمەتی هەولێری گەورە بەکاریبهێنین."
سەبارەت بە شێوازی میلۆدییەکەش، روونیکردەوە کە بەرهەمەکەی لە قاڵبی باوی سروود دەرهێناوە و تایبەتمەندیی ئایینیی کاکەیی و ساز و تەمبووری کوردیی پێوە دیارە، تاوەکو بە شێوەیەکی رەسەن و خێرا بچێتە نێو دڵی جەماوەرەوە.
"هەولێر و سلێمانی هەردوو چاوی منن"
ئەو هونەرمەندە کە نزیکەی 35 ساڵە (لە ساڵی 1990ـەوە) لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، جەختی لەوە کردەوە، کە هەمیشە هاتووچۆی نێوان شارەکانی کردووە و ماوەیەک لە سلێمانیش ژیاوە، هەروەها گوتی، "هەولێر و سلێمانی هەردوو چاوی چەپ و راستی منن؛ من عاشقی هەموو شارەکانم و بۆ هەمووشیان کارم کردووە."
هەر لە هەڤپەیڤینەکەدا، سەعدوون کاکەیی بەرهەمێکی نوێی بۆ شاری سلێمانی ئاشکرا کرد، کە بڕیارە بۆ رۆژی شەممە، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی شارەکەوە بڵاوبێتەوەو بەشێک لە هۆنراوەکەی لە ستۆدیۆی رووداو پێشکەش کرد کە دەڵێت:
"لە جوانیدا ئەڵێی بووکی چوار وەرزیە، سلێمانی
بە مۆسیقای رەشەباکەی سەما ئەکەن دارەکانی"
"بە چوار زاراوەی کوردی لە نەورۆزدا گۆرانی دەڵێم"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بۆچی ژمارەی کۆنسێرتەکانی لە بەرهەمە تۆمارکراوەکانی زیاترن، کاکەیی ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر وردە لەسەر کوالێتیی دەنگ و کاری ستۆدیۆکان، بەڵام خاوەنی خەرمانێک بەرهەمی ناوازەیە لەگەڵ شاعیرانی دیاری وەک خەسرەو بەگی جاف، پەرتەوی کرماشانی، عەباس قەسیری، جەمال ئەرکەوازی، عەلی مەهدی و حەسەن دڵسۆز.
ئاشکراشی کرد کە لە دوای بەرهەمەکەی سلێمانی، بەرهەمێکی نوێی ئەڤینداری بڵاودەکاتەوە، کە هۆنراوەی خەسرەو بەگی جافە و ئاوازەکەی خۆی دایناوە، هاوکات نزار زێوەیی دابەشکردنی مۆسیقای بۆ کردووە و عادل ئاکرەیی کاری دەرهێنانی بۆ دەکات.
سەبارەت بە پلانی سازکردنی کۆنسێرت لە هەولێر، کاکەیی رایگەیاند، بە هاوکاری لەگەڵ مامۆستا نزار زێوەیی ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بۆ جەژنی نەورۆز یەکەم کۆنسێرتی خۆی لە هەولێر ساز بکات، کە تێکەڵەیەک دەبێت لە گۆرانی بە چوار زاراوەی زمانی کوردی: هەورامی، سۆرانی، کەلهوڕی و بادینی.
خوێندنی مەقام لە بەغدا و سۆز بۆ بادینان
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەعدوون کاکەیی باسی لە بەشداریکردنی لە کۆنسێرتەکانی عێراق لەگەڵ ئۆرکێستراکانی قیسارە و سۆمەریات لە بەغدا کرد و گوتی، "لە ساڵیادی نازم غەزالیدا بانگهێشت کرام بۆ ئەوەی بەشدار بم، لەوێشەوە بەردەوام بووم؛ لە ساڵی 1963ـەوە کەس خۆی لە مەقامی نازم غەزالی نەدەدا، بەڵام من بەهۆی ئەوەی قوتابی مۆسیقای بەغدام و خوێندنی مەقامم لەوێ تەواو کردووە، بە عەشقێکی گەورەوە کارەکەم پێشکەش کرد و ئێستاش گۆرانیبێژی باوەڕپێکراوی ئەو گرووپانەم."
لە کۆتایی دیدارەکەدا، ئەو هونەرمەندە تیشکی خستە سەر خۆشەویستیی بێراددەی بۆ دەڤەری بادینان و سەرسامبوونی بە دەنگی هونەرمەندی کۆچکردوو تەحسین تەها و کۆپلەیەکی لە گۆرانییە ناودارەکەی تەحسین تەها "تو خەون بووی" بە شێوەزاری بادینی پێشکەش بە بینەرانی تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
.jpg&w=3840&q=75)

