رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو، بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری کۆماتە، بەڵگەفیلمێکی نوێی بە ناوی "قومری و کاروانێک شەهید" بەرهەمهێناوە کە تێیدا داستان و قارەمانێتیی ژنێکی شۆڕشگێڕی کورد دەگێڕێتەوە. رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026، بەڵگەفیلمەکە بۆ یەکەمجار لە هۆڵی رۆشنبیریی زاخۆ نمایش کرا.
بەڵگەفیلمەکە، کە ماوەکەی 49 خولەکە، چیرۆکی قومری خان، ژنێکی تێکۆشەری خەڵکی زاخۆ دەگێڕێتەوە کە لە ساڵی 1960ـەوە بەشداریی لە شۆڕشی کوردستاندا کردووە و هاوکارییەکی گەورەی پێشمەرگەی کردووە. لە ماوەی دوو مانگدا کاری وێنەگرتن و مۆنتاژی بۆ کراوە و تێیدا ژیانی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانی ئەو ژنە قارەمانە تۆمار کراوە.
کرمانج فەرەج، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی "قومری و کاروانێک شەهید،" لەکاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "قارەمانێتیی ئەم ژنە وای لێکردم بیر لە بەرهەمهێنانی ئەم بەڵگەفیلمە بکەمەوە." دەرهێنەر ئاماژەی بەوەش کرد، قومری خان رۆڵێکی گرنگی لە گواستنەوە و شاردنەوەی چەک و تەقەمەنیدا هەبووە و "لە شاخیش قارەمانێتییەکی زۆری نواندووە."
قومری خان، لە کاتێکدا حەوت کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی شەهید بوون، بەڵام وەک کرمانج فەرەج دەڵێت، "هەرگیز دەستبەرداری کوردایەتی نەبووە و بەردەوام بووە لەسەر لێهاتوویی، قارەمانێتی و کوردبوونی خۆی." هەروەها لە سەردەمی ئەنفالدا چەندین جار لە زیندانەکانی موسڵ، نزارکێ و بەحرکە زیندانی کراوە.
دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە دەڵێت، "سەرەڕای هەموو ئەو ناخۆشیانەی بەسەر ئەم خانمەدا هاتووە، بەڵام هێشتا کوردایەتییەکەی کەم نەکردووە و دوای راپەڕینیش چووەتە مەککە بۆ حەج و لەوێش دوعای بۆ دەوڵەتی کوردستان کردووە."


