رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی ژمارەیەک میوزیکژەنی ناوداری جیهانی، لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا کۆنسێرتێکی میوزیک بەڕێوەچوو، تێیدا هونەرمەندی کورد هەژار زەهاوی بەشداری کرد.
کۆنسێرتەکە دوێنێ لە هۆڵی بەناوبانگی پیێر بوولێز (Pierre Boulez) کە یەکێکە لە هۆڵە سەرەکییەکانی کۆنسێرت لە ئەڵمانیا، بە بەشداریی نۆ هونەرمەند بەڕێوەچوو.
پڕۆژەکە بە ناوی نەسیر شەممە ئەنسەمبڵ (Naseer Shamma Ensemble)، ژەنیار و کۆمپۆزیتۆری بەناوبانگی عێراقی بەڕێوەچوو. هەژار زەهاوی، میوزیکژەنی کورد و بەشدار لە کۆنسێرتەکە ئەمڕۆ هەینی 13-11-2026 بە رووداوی گوت: "ئێمە داوەتی هۆڵی پیێر بوولێز بووین، کە هەموو ساڵێک لە مانگی 11دا چالاکیی هونەرییان هەیە بە ناوی (Arab Music Nights - شەوانی مۆسیقای عەرەبی)".
هونەرمەندانی کۆنسێرتەکە بریتی بوون لە؛ هونەرمەندان نەسیر شەممە لە عێراق، هەژار زەهاوی لە کوردستان، هونەرمەندان لە بەڕازیل، تورکیا، یۆنان، توونس، سووریا و ئیسپانیا تێیدا بەشدار بوون. زەهاوی گوتی: "هەشت هونەرمەند لە کۆنسێرتەکەدا لەگەڵ هونەرمەندی ناودار نەسیر شەممە بووین و بەرهەمەکانمان پێشکەش کرد".
نەسیر شەممە (Naseer Shamma) مۆسیقاژەن، ئاوازدانەر و مامۆستایی ئامێری عوودە لە ئاستی عێراق و جیهان و ساڵی 1963 لە شاری کووت (ناوەندی پارێزگای واست) لە باشووری عێراق لەدایکبووە.
.jpg&w=3840&q=75)

