رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا رایدەگەیێنێت، هونەری دەنگبێژی لە هەردوو پارێزگای مێردین و جۆلەمێرگ خراوەتە نێو لیستی کەلەپووری نیشتمانیی وڵاتەکە، بەوەش ژمارەی ئەو پارێزگایانەی ئەم هونەرەیان تێدا تۆمارکراوە بۆ پێنج پارێزگا بەرزبووەوە.
ئەم زانیارییانەی وەزارەتی رۆشنبیری لە وەڵامی پرسیارێکی نووسراوی ئۆزنور بارتین، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی جۆلەمێرگ هاتووە، کە ئاراستەی پەرلەمانی تورکیای کردبوو سەبارەت بە هەنگاوەکانی دەوڵەت بۆ پاراستنی زمان و کولتووری کوردی.
بەگوێرەی وەڵامە فەرمییەکەی وەزارەت، لەنێوان ساڵانی 2010 تاوەکو 2026، کۆی گشتی 18 پەرتووکی کوردی چاپکراون، کە دیارترینیان کۆمەڵە بەرهەمی "ئەلیکساندر ژابا" بووە؛ پڕۆژەکە پێکهاتبوو لە 69 دەستنووسی کوردی کە لە ئەکادیمیای زانستیی سانت پترسبۆرگی رووسیا پارێزرابوون و بە هاوکاریی زانکۆی ئارتووکڵووی مێردین لە 15 بەرگدا چاپکران، لەوانە شاکارەکانی (مەم و زین، شیعرەکانی فەقێی تەیران، و لەیلا و مەجنوون) لەگەڵ چەندین دەقی فۆلکلۆری کە ئێستا بە شێوەی ئەلیکترۆنیش لە ماڵپەڕی وەزارەت بەردەستن.
دەنگبێژی لە پێنج پارێزگای باکووری کوردستان تۆمارکرا
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی "لیستی نیشتمانیی کەلەپووری رۆشنبیریی مەعنەویی تورکیا"دا کە تاوەکو ئێستا 392 بابەتی لەخۆگرتووە، هونەری رەسەنی دەنگبێژی، کە پێشتر لە ساڵی 2014 لە پارێزگاکانی ئامەد، مووش و رووها تۆمارکرابوو، لە ساڵی 2026 لە هەردوو پارێزگای مێردین و جۆلەمێرگیش بە فەرمی خرایە نێو لیستەکەوە.
وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژەی بەوەش کردووە کە بۆ پاراستن و بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەم کەلەپوورە زارەکییە، لەمساڵدا لێکۆڵینەوە و کاری مەیدانییان لە پارێزگاکانی (ئامەد، قەرس، ئەرزەڕۆم، ئیدر، باتمان و شرنەخ) ئەنجامداوە.
هونەری دەنگبێژی، کە لەلایەن مێژوونووسان و رۆشنبیرانەوە بە "ئەرشیڤ و مێژووی زارەکیی گەلی کورد" دادەنرێت، ساڵانێکە داواکاری هەیە بۆ ئەوەی بە فەرمی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە یونسکۆش وەک شاکارێکی مرۆڤایەتی بناسێنرێت و بپارێزرێت.



.webp&w=3840&q=75)
