رووداو دیجیتاڵ
فیلمی "بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت" خەڵاتی باشترین فیلمی لە 26ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی سکۆپیە بردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، فیلمی "بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت" لە هەفتەی کۆتایی فێستیڤاڵی سکۆپیە لە سینەما فرۆسینا لە مەکەدۆنیای باکوور خەڵاتەکەی بردەوە.
دادوەرانی فێستیڤاڵە لەبارەی بەخشینی خەڵاتەکە بەم فیلمە کوردییە گوتیان، "خەڵاتەکەمان دەدرێتە باشترین فیلم و دەرهێنەر و بەرهەمێکی پوختەی سینەمایی، کە دیدێکی بەهێز و رەسەن پێشکەش دەکات سەبارەت بە ژنە شەڕڤانە کوردەکان کە توندڕۆیی تێکشکاند، لە رێگەی ترسە بنەڕەتییەکەی".
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلمەکە لەبارەی بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە ئاماژەی بەوەدا، "ئەم فیلمە پێشکەشی هەموو ئەو ژنە کوردانە دەکەم کە بەرامبەر تاریکیی داعش وەستانەوە. ئازایەتی ئەوان ناوەڕۆکی ئەم چیرۆکەیە".
هەڵکەوت مستەفا ئاماژەی بەوەیش دا، "پێشکەشی دەکەم بە هەموو ئەو کەسانەی یارمەتیدەر بوون لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەدا. سوپاس کە ئەم چیرۆکەتان لەگەڵ مندا خستە سەر شاشە. من ئەم خەڵاتە لەگەڵ هەمووتاندا بەش دەکەم."
فیلمی "بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت" ئەم ساڵ بە فەرمی نوێنەری عێراق بوو و لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی ڤێنیس لە ئیتاڵیا نمایشکرا و دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
فێستیڤاڵی فیلمی سکۆپیە لە ساڵی 1988 دامەزراوە و ساڵانە لە مەکەدۆنیای باکوور بەڕێوەدەچێت و خەڵاتەکە دەدرێتە فیلمە سەربەخۆیە ئەورووپی و جیهانییەکان.

.webp&w=3840&q=75)

