رووداو دیجیتاڵ
شیعری (مۆری رەش) ی یڵدز چاکار، شاعیری کورد لە فێستیڤاڵێکی شیعریدا لە شاری فیلادێلفیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەڵاتی "پێزانینی تایبەتی نێودەوڵەتی" ی بەدەستهێنا. چاکار بە رووداوی راگەیاند کە بەم خەڵاتەوە سەربەرزە و گوتی: "ئەدەبیاتی کوردی سەرەڕای سەرجەم ئاستەنگ و گوشارەکان نیشانی دەدات کە خاوەنی هێزێکی گەردوونییە و دەتوانێت بە سەربەرزی لەسەر تەختی شانۆی نێودەوڵەتیدا جێگەی خۆی بگرێت."
دووەمین فێستیڤاڵی شیعری فێمینیستیی (جولیا ڤایڤ)، رۆژی هەینی، 13ی تشرینی دووەمی 2026 لە سەنتەری "تالەر پۆرتۆریکینۆ" لە شاری فیلادێلفیا بەڕێوەدەچێت.
فێستیڤاڵەکە لە لایەن سەنتەری گشتیی ژنانی (مادرێ تێرا)وە رێکدەخرێ و لە نێوان 100 شاعیر کە لە وڵاتی جیاواز و بە زمانی خۆیان دەنووسن، شیعرێکی یڵدز چاکار بە ناوی (مۆری رەش) لە بەشی "شیعر، یادەوەری و خۆڕاگری"دا بۆ دیاریکردنی خەڵات دیاریکراوە.
کۆمیتەی بەخشینی خەڵاتەکە لە نامەیەکی تایبەتدا شاعیری کورد یڵدز چاکاری لە بردنەوەی خەڵاتەکە ئاگادار کردووەتەوە. لە نامەکەدا ئاماژە بە قووڵیی ئەدەبیی شیعرەکەی چاکار دراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم بەرهەمە؛ توندوتیژی دژی ژنان، کوشتنی ژنان، یادەوەریی بەکۆمەڵ، خاک، خۆڕاگریی ژنان بە روانگەیەکی رەسەنی کوردەواری دەردەبڕێ.
لیژنەکە روونیکردووەتەوە کە دەنگی چاکار دیالۆگی ئەدەبیی فێستیڤاڵەکەی لە سنووری ئەمریکای لاتین و ناوچەی کاریبییەوە بەرەو شوێنێکی گەردوونی فراوانتر بردووە و بەو جۆرەش پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ پرسەکانی ئازادی و شکۆی ژن دروستکردووە.
بەهۆی ئەوەی یڵدز چاکار لە دەرەوەی ئەمریکاوە بەشداری دەکات، شیعرەکەی لە رێگەی ڤیدیۆیەکی تۆمارکراوەوە لە رێوڕەسمی فەرمیی فێستیڤاڵەکەدا بۆ ئامادەبووان پێشکێش دەکرێت.
ئامادەیی شیعری کوردی لە سەکۆی نێودەوڵەتیدا جێگەی سەربەرزییە
یڵدز چاکار لەبارەی گرنگیی ئەم خەڵاتەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دوا و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی.
چاکار ئاماژەی بەوە کرد کە هەبوونی شیعری کوردی لە سەرکۆی نێودەوڵەتیدا جێگەی شانازییە و گوتی: "بەشداریکردنی دەنگی شیعری کوردی لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی وەک جولیا ڤایڤ لە فیلادێلفیا، شانازییەکی گەورەیە. وەرگرتنی خەڵاتێکی تایبەتی نێودەوڵەتیش رێزلێنانە. ئەم خەڵاتە بۆ من تەنیا سەرکەوتنێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو سەرکەوتنی یادەوەریی بەکۆمەڵە."
چاکار تیشکی خستە سەر رۆڵی شیعر لە بەزاندنی سنوورە جوگرافییەکان و جەختی لەوە کردەوە کە هونەر پردێکی بەهێزی لێکتێگەیشتن و ناسین لە نێوان گەلاندا دروستدەکات.
ئەدەبیاتی کوردی خاوەن هێزێکی گەردوونییە
هاونیشتمانییەکە باسی لەوە کرد کە زمان و ئەدەبیاتی کوردی خاوەنی توانایەکی گەردوونییە کە دەتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا جێگەی ببێتەوە و گوتی: "هەست و شیعرێک کە سنوورەکان دەبەزێنێت، ئیدی پردێک، لێکتێگەیشتنێک و ناسینێک دروستدەکات کە کاریگەرییەکەی زۆر گەورەیە. ئەدەبیاتی کوردی سەرەڕای سەرجەم ئاستەنگ و گوشارەکان نیشانی دەدات کە خاوەن هێزێکی گەردوونییە و دەتوانێت بە سەربەرزییەوە لەسەر سەکۆی نێودەوڵەتی ئامادە بێت."
یڵدز چاکار ئاماژەی بە پەیوەندیی قووڵی نێوان تێکۆشانی ژن و ئەدەبیات کرد و روونیکردەوە کە بە زمانی هونەر پردێکی کولتووری لە نێوان جوگرافیاکاندا دروستبووە و گوتی: "ئەم خەڵاتە، تێکۆشان و ئەدەبیاتی ئێمە بە زمانی هونەر دەخاتە نێو دیالۆگێکی قووڵی نێوان کولتوورەکانەوە؛ لە ئامەدەوە تاوەکو سنوورەکانی ئەمریکای لاتین و کاریبی."
یڵدز چاکار کێیە؟
یڵدز چاکار لە ساڵی 1978 لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە و یەکێکە لە دیارترین پێشەنگەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی.
ئەو هاونیشتمانییە ساڵانێکی زۆر لە بواری رۆژنامەڤانی و ئەدەبیاتدا کاری کردووە و تاوەکو ئێستا 10 پەرتووکی لە بوارەکانی شیعر، رۆمان و لێکۆڵینەوەدا بڵاوکراونەتەوە. یەکەمین کۆمەڵە شیعری بە ناوی (گۆڕستانی ئەستێرەکان) لە ساڵی 2004دا چاپکرا.
کۆمەڵە شیعری (مۆری رەش) لە ساڵی 2024دا چاپکرا. شیعری سەرەکیی ئەم پەرتووکە بۆ پڕۆژەی شانۆیی دیجیتاڵی بە ناوی "Lockedown Locked In" گونجێندرا و لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی هونەریی ئەسینا خەڵاتی "باشترین سیناریۆی رەسەن"ی بەدەستهێنا.
بەرهەمەکانی چاکار زیاتر لە دەوری بابەتەکانی مەرگ، تاراوگە، ناسنامە و ستەم دەسووڕێنەوە. هێزی شیعرەکانی زیاتر لە قاڵبە کلاسیکییەکان، لە قووڵیی دەربڕیندان و بە شێوازێکی رەسەن پشت بە زارەکی و یادەوەریی دەماودەمی مێژووی کوردستان دەبەستێت.
یڵدز چاکار لە ساڵی 2018دا کۆچی کرد بەرەو ئەڵمانیا و هەشت ساڵە لە بەرلین دەژی. لە ئایاری ئەم ساڵدا، کاتێک ویستی بگەڕێتەوە بۆ تورکیا، لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەرکرا و دواتر ئازادکرا.
خەڵاتی (جولیا ڤایڤ) چییە و بۆچی دەبەخشرێت؟
ئەم خەڵاتە لە لایەن سەنتەری گشتیی ژنانی "مادرێ تێرا" بە هاوکاریی پەرتووکخانەی جولیا دی بورگۆس لە سەنتەری کولتووریی تالەر پۆرتۆریکینۆ و فێستیڤاڵی فیلم و هونەری لاتینیی فیلادێلفیا رێکدەخرێت. سەنتەری مادرێ تێرا لە فیلادێلفیا رێکخراوێکە بۆ پاراستنی مافەکانی ژنانی کۆچبەر و رێگریکردن لە تووندوتیژیی خێزانی کار دەکات.
فێستیڤاڵی شیعری فێمینیستیی جولیا ڤایڤ فێستیڤاڵێکی نوێیە کە یەکەم خولی لە کۆتایی ساڵی 2025دا بەڕێوەچوو و چالاکیی ئەم ساڵ خولی دووەمیەتی.
ناوی فێستیڤاڵەکە بە واتای "جولیا دەژی" دێت. ئەم ناوە بۆ رێزلێنان لە یادی شاعیر، رۆژنامەڤان و تێکۆشەری ناوداری پۆرتۆریکۆیی جولیا دی بورگۆس (1914–1953) دانراوە.
دی بورگۆس لە ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتیندا وەک سیمبوولی یاخیبوون، ئازادیی ژنان و پاراستنی شکۆی مرۆڤایەتی دەناسرێت.
ئامانجی سەرەکیی ئەم خەڵاتە ئەوەیە دژی تووندوتیژی و کوشتنی ژنان، وشە و شیعر ببنە کەرەستەی خۆڕاگری. خەڵاتی "پێزانینی تایبەتی نێودەوڵەتی"ش بەو شاعیرانەی دەرەوەی کیشوەرەکە دەبەخشرێت کە بە هێزی ئەدەبیاتی خۆیان ئازار، یادەوەریی بەکۆمەڵ، خاک و خۆڕاگریی ژنان بە جیهان دەگەیێنن و پردێکی نێودەوڵەتیی نێوان کولتوورەکان بونیاد دەنێن.


