رووداو دیجیتاڵ
ئەساڵە نەسڕی، هونەرمەندی سووری، لە کاتی گەشتە هونەرییەکەی لە ئەمریکا رووبەڕووی دزین و لەدەستدانی سندوقێکی پڕ لە گەوهەر و خشڵ بووەوە، کە بە پێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، نرخەکەی دەگاتە شەش ملیۆن دۆلار. ئەم رووداوە چەندین پرسیاری جیدیی دارایی، یاسایی و لۆژیکی لێكەوتووەتەوە.
چیرۆکی دزیکردنەکە چۆن بوو؟
ئەساڵە نەسڕی لە چوارچێوەی گەشتە هونەرییەکەی لە ئەمریکا، ئەم خشتەیەی خوارەوەی بۆ ئاهەنگەکانی هەبووە:
- 23ی تشرینی یەکەمی 2026: لۆس ئەنجوۆلس - Dolby Theatre
- 30ی تشرینی یەکەمی 2026: نیوجێرسی – Newark Symphony Hall
- 31ی تشرینی یەکەمی 2026: دیترۆیت – Fox Theatre
بە گوتەی ئەساڵە، دوای تەواوبوونی ئاهەنگەکەی لە دیترۆیت (کە دوایین وێستگەی بوو)، گەڕاوەتەوە هۆتێل و خەوتووە. بەڵام بەیانیی رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2026، کاتێک سندوقی خشڵ و گەوهەرەکانی کردووەتەوە، بۆی دەرکەوتووە کە هەمووی دزراوە و تەنیا ئەو ئەلقەیەی پێماوە کە لە کاتی ئاهەنگەکەدا لە پەنجەیدا بووە. پۆلیسی ئەمریکاش کاژێر 10:30ی بەیانیی هەمان رۆژ لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە.
ئەو پارچە بەنرخانە چەندە بەهایان هەیە و پێکهاتەیان چییە؟
ئەساڵە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو خشڵانە بەهایەکی رۆحیی زۆر گەورەیان هەیە بۆی، لەوانە:
•پارچەیەک کە ناو و وێنەی باوکی کۆچکردووی لەسەر بووە.
•دیاریی هاوژین، منداڵ و هاوڕێکانی.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو 6 ملیۆن دۆلارەیە کە راپۆرتەکان دەڵێن، بەهای ئەو خشڵانەیە. پۆلیسی ئەمریکا هیچ نرخێکی فەرمی بۆ خشڵەکان نەخەمڵاندووە و دیار نییە کە ئایا ئەم ژمارەیە پشت بە خەمڵاندنی خودی ئەساڵە بەستراوە یان لایەنێکی سەربەخۆ.
ئایا خشڵەکان لە کاتی ئاهەنگەکاندا لەبەریدا بوون؟
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە هیچ یەکێک لە سێ ئاهەنگەکەیدا لە لۆس ئەنجلس، نیوجێرسی و دیترۆیت هیچ جۆرە گەوهەر و خشڵێکی بەنرخ لە دەرکەوتنەکانیدا نەبینراوە و تەنیا جلوبەرگی سادە و ملوانکەیەکی سادەی بەکارهێناوە.
هەروەها، لە وێنەی ئاهەنگەکاندا دەردەکەوێت کە هەندێک ملوانکە یان بازن و ئەڵقەی لەبەردا بوون، کەواتە ئەوانە نەدزراون، چونکە لەگەڵ خۆیدا گەڕاندوونی، کەچی هەندێک پارچەی دیکەی نێو سندوقەکە دیار نەماون.
کێشە یاسایی و کارگێڕییەکان
لێرەدا چەند پرسیارێکی دیکەش دێنە پێشەوە سەبارەت بەو رووداوە، لەوانە:
1.ئەگەر بەهای خشڵەکان 6 ملیۆن دۆلار بێت، ئایا هیچ بەڵگەنامەیەکی بیمەی نێودەوڵەتی یان تایبەت بەو گەشتە هەبووە کە دزیی لە هۆتێل بگرێتەوە؟
2.لە کاتی هێنانی خشڵێکی بەو بەهایە بۆ نێو ئەمریکا، ئایا رێکارە یاسایی و فەرمییەکانی گومرگ پیادە کراون و تۆمارکراون؟
3.ئایا لیستی وردی پارچە دزراوەکان، کێشی زێڕەکەیان، جۆری بەردە بەنرخەکان (وەک ئەڵماس و زەمڕوود) و فاتوورەی کڕینیان لەبەردەستدایە؟
سەڕەڕای ئەم هەموو پرسیار و لێکدانەوە رۆژنامەڤانیییە گومانگەرایانە، ئەساڵە لە راگەیێندراوەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆر خەمبارە بە لەدەستدانی ئەو یادگارییە گەورانەی کە پەیوەندییان بە باوکی کۆچکردووییەوە هەبووە و بەو هۆیەوە بڕیاریداوە لاپەڕەیەکی نوێ بکاتەوە و لە گەشتەکەی بەردەوام بێت بۆ ئاهەنگەکانی داهاتووی.
.webp&w=3840&q=75)


