رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندێکی خەڵکی بۆکان لە فێستیڤاڵێکی وێنەگریدا لە هەنگاریا چەند خەڵاتێکی بردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، شێرکۆ مام ئاغا، وێنەگری خەڵکی شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رکابەریی وێنەگریی بوداپێست 2026)ـدا کە لە هەنگاریا بەڕێوەچوو، شەش وێنەی لە بەشی جیاوازەکاندا خەڵاتی بەدەستهێنا.

بەگوتەی شێرکۆ مام ئاغا، جیا لەو وێنانەی خەڵاتییان بردووەتەوە، چوار بەرهەمی دیکەشی لەلایەن دەستەی نێوبژیوانانی رکابەرییەکەوە، لە بەشی جیاوازدا پەسندکراون.

سەبارەت بەو خەڵاتانەی لە رکابەرییەکەدا بەدەستی هێناوە، ئەو هونەرمەندە کوردە گوتی: دوو مێدالیای زێڕی بۆ وێنەی دەف لێدان لە پاڵنگان و فڕین لە رۆژئاوا بەدەستهێناوە و دوو مێدالیای زیوی بۆ وێنەکانی منداڵانی کۆچەر و فریشتەی کەوتوو کە بە ژیری دەستکرد دروست کراوە بە دەستهێناوە.

هەروەها گوتیشی: دوو مێدالیای برونزی بۆ وێنەکانی رێگەی تاریک و هێڵی ئاسنی بە دەست هێناوە.

وەک شێرکۆ مام ئاغا دەڵێت، رکابەرییەکە لە ئاستێکی بەرزدا بەڕێوەچووە و نزیکەی چوار هەزار وێنە لە90 وڵاتەوە نمایش کراون و کارەکان بە وردی لەلایەن نێوبژیوانانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە.

8ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵیش شێرکۆ لە رکابەریی نێودەوڵەتیی وێنەگری (نێکسس 2026)ـدا کە لە ئیمارات بەڕێوەچوو، لە چوار بواری جیادا خەڵات کرا.

ئەم هونەرمەندە کوردە لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە و تاوەکو ئێستا وێنەکانی لە چەندین رکابەریی جیهانی، ناوچەیی و نێوخۆییدا خەڵات کراون.



.jpg&w=3840&q=75)
