رووداو دیجیتاڵ
خاوەن و بەڕێوەبەری کۆمپانیای شاز میوزیک رایگەیاند، کە ئەوان نەک تەنیا میوزیکی کوردی دەگەیێنێتە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو لە هەمان کاتدا مافە ماددی و مەعنەوییەکانی هونەرمەندانیش دەپارێزن.
عیسا مێرگەسۆری، خاوەن و بەڕێوەبەری SHAZ Music، بەشداریی لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، پێویستی و زەحمەتییەکان هانیان داون دەست بەو کارە بکەن.
عیسا مێرگەسۆری گوتی، "بینیمان کە جیهان بەرەو سیستمێکی دیجیتاڵی دەڕوات و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی هونەری بە شێوەی کلاسیک نەماوە، بەڵام سیستمە گەورەکانی جیهان راستەوخۆ لەگەڵ زۆر لە وڵاتان کار ناکەن، بۆ نموونە عێراق، ئێران و سووریا، چونکە سیستمی بانکی و زۆر لە سیستمەکانی دیکە تێیاندا پێشکەوتوو نین."
یەکێک لە گەورەترین کێشەکان کە عیسا مێرگەسۆری ئاماژەی پێدا، دزینی بەرهەمەکان بوو. ئەو روونیکردەوە، "یەکێک لە بابەتە هەرە سەرەکییەکان کە ئێمە دەستمان بەم کارە کرد لە پێناویدا بوو. کاتێک بەرهەمێک لە هونەرمەندێک وەردەگرین، دەیخەینە سەر سیستمی ناسنامەی نێوەڕۆک 'Content ID'. ئیتر کەسێکی دیکە ناتوانێت ئەو بەرهەمە ببات و لە پلاتفۆرمی خۆی بڵاوی بکاتەوە و قازانج وەربگرێت. کاتێک بڵاویشی دەکاتەوە، ئەو داهات و هیچ شتێکی بۆ نامێنێتەوە."
مێرگەسۆری، سەبارەت بە داهات و قازانجی هونەرمەندان رایگەیاند، پلاتفۆرمەکان بەگوێرەی ناوچەکان دەگۆڕێن و گوتی: "لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، زیاتر یوتیوبە، چونکە لای هەموو کەسێک بەردەستە. بەڵام لە وڵاتانی رۆژئاوا، سپۆتیفای زۆر گرنگە." هەروەها مێرگەسۆری روونیکردەوە کە نرخی داهاتەکەش یەکسان نییە و گوتی: "نرخی گوێگرتن لە هەر وڵاتێک جیاوازە. بۆ نموونە، بۆ هەر هەزار بینەر، با بڵێین لە ئەمریکا نزیکەی 4 دۆلار بێت، بەڵام لە وڵاتێکی وەک کوردستان یان عێراق، ناگاتە یەک دۆلار".
لە رێگەی ئەم هەوڵانەوە، SHAZ Music هەتا ئێستا کاری زیاتر لە 1000 هونەرمەندی کوردی گرتووەتە ئەستۆ، لەنێویاندا ناوی وەک ناسر رەزازی، حەسەن شەریف و سەفقان ئۆرکێش، هەروەها بە پاراستنی ئەرشیفی هونەرمەندە کۆچکردووەکانیش هەڵدەستێت.

