دەرهێنەر و سیناریۆنووسی
کورد، شەهرام عەلیدی کە ئێستا لە پاریس دەژی، وەک ئەندامی لیژنەی داوەریی یەکەمین
خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسیایی دووبەی (AFFD) بۆ ساڵی 2027
دەستنیشان کرا.
بڕیارە فێستیڤاڵەکە لە
1 تاوەکو 7ی شوباتی 2027 لە شاری دووبەی بەڕێوەبچێت و لەلایەن سەکۆی (MovieDOM)ـەوە رێکدەخرێت.
فێستیڤاڵی فیلمی ئاسیایی
دووبەی (AFFD) چییە؟
ئەم فێستیڤاڵە دەبێتە
بۆنەیەکی نوێی سینەمایی لە کەنداو، کە بۆ ماوەی حەوت رۆژ ئاهەنگ بۆ سینەمای ئاسیایی،
هیندی و ئیماراتی دەگێڕێت.
فێستیڤاڵەکە ئامانجییەتی
لەسەر یەک سەکۆ؛ سینەمای سەربەخۆ، دروستکەرانی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی، بەهرەکانی پلاتفۆرمەکانی
پەخش و سینەمای باو پێکەوە کۆبکاتەوە.
سەکۆی (MovieDOM)ی ئەم فێستیڤاڵە
وەک بەشێک لە پلانی فراوانبوونی لە وڵاتانی کەنداو دادەمەزرێنێت، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی
سینەمایی کۆمەڵگەیی لە ئیمارات دروست بکات کە بەهرە نوێکان و ناوە دیارەکانی سەرانسەری
ئاسیا لەخۆبگرێت.
بەرنامەی فێستیڤاڵەکە
بەم شێوەیە دەبێت:
1بۆ4ی شوبات:
تەرخان دەکرێت بۆ سینەمای سەربەخۆ، کە تێیدا فیلمە سەربەخۆکانی سەرانسەری ئاسیا بۆ
یەکەمین جار نمایش دەکرێن، لەگەڵ بەڕێوەچوونی پانێڵی گفتوگۆ، وۆرکشۆپ و ماستەر
کلاس.
5ی شوبات:
دابەشکردنی خەڵاتە جیهانییەکانی دروستکەرانی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی لەسەر فەرشی سوور.
6ی شوبات:
دابەشکردنی خەڵاتەکانی نایابیی پلاتفۆرمەکانی پەخش (OTT).
7ی شوبات:
ئاهەنگی گەورەی کۆتایی و خەڵاتەکانی MovieDOM بە بەشداریی
ناودارترین ئەستێرەکانی سینەمای هیندستان و ئیمارات.
نوێنەرایەتیی کورد لە
پاڵ ئەستێرەکانی ئاسیادا
شەهرام عەلیدی، دەچێتە
ناو لیژنەیەکی داوەریی ئاستبەرزەوە کە لە چەندین فیلمساز و ئەکتەری خاوەن خەڵاتی نێودەوڵەتی
پێکهاتووە، لەوانە: ئەنیرودا رۆی چاودری، ئەنوپارنا رۆی، شیلادیتیا بۆرا، تانیشتا
چاتەرجی، رەیحان رافی (لە بەنگلادێشەوە)، لینا یاداڤ، نیخیل ئەدڤانی، پراسانا ڤیتاناگێ
(لە سریلانکاوە)، شاریب هاشمی و بیجۆی نامبیار. ئەم لیژنەیە پێش دەستپێکی فێستیڤاڵەکە
فیلمەکان هەڵدەسەنگێنن و بڕیار لەسەر باشترینەکان دەدەن.
شەهرام عەلیدی دەڵێ، بوونی
دەرهێنەرێکی کورد لە لیژنەی داوەریی ئەم فێستیڤاڵە نوێیەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە،
چونکە پێگەیەک بە سینەمای کوردی دەدات لە پاڵ سینەما گەورەکانی ئاسیادا. لە هەمان
کاتدا، دەرفەتێکی باشە بۆ فیلمسازە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ
دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بینەران، پلاتفۆرمەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان لە کەنداو
و ئاسیا.
شەهرام عەلیدی کێیە؟
دەرهێنەر، سیناریۆنووس
و نیگارکێشە، لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و کۆلێژی هونەرە جوانەکانی
لە زانکۆی تاران تەواو کردووە. ئێستا لە پاریس دەژی و هاوکات بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانییە.
عەلیدی چەندین خەڵاتی
نێودەوڵەتیی بۆ کورتە فیلمەکانی (ماملێ، شێرکۆ بێکەس و دوایین گوندی نەژمێردراو) بەدەستهێناوە.
هەروەها فیلمە درێژەکەی بەناوی (سرتە لەگەڵ با) کە باس لە کارەساتی ئەنفال دەکات،
لە فێستیڤاڵی کان نمایش کرا.
فیلمێکی دیکەی بەناوی (یادەوەرییەکانی
ئەسپی رەش) کە لە باکووری کوردستان وێنەی گیراوە، تیشک دەخاتە سەر قەدەخەکردنی خوێندن
بە زمانی کوردی.
.jpg&w=3840&q=75)

