رووداو دیجیتاڵ
فیلمێکی فانتازیی پاکستانی کە بە تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد دروستکراوە، لە ماوەیەکی کورتدا ملیۆنان بینەری لەسەر یوتیوب هەبووە.
فیلمی The Mother’s Monster لە نووسین و دەرهێنانی فیلمسازی پاکستانیی Zahid Iqbal، چیرۆکی دایکێکە کە لە گوندێکی شاخاوی و بەفراوی منداڵێک دێنێتە دونیا، بەڵام ئەو منداڵە مرۆڤ نییە، بەڵکو ئەژدیهایەکە.
لە کاتێکدا دایکەکە ئەژدیهاکە بە منداڵی خۆی دەبینێت و هەوڵی پاراستنی دەدات، دانیشتووانی گوندەکە لە بوونی ئەو بوونەوەرە دەترسن و بە مەترسییەک بۆ خۆیان دەیبینن.
فیلمەکە بە شێوەیەکی تەواو بە یارمەتی ژیری دەستکرد دروستکراوە لە دروستکردنی وێنە و دیمەنەکانەوە تا دەنگە دەستکردەکان. وەشانی سەرەکی فیلمەکە لە 14ی ئەیلوولی 2026 لە کەناڵی MYTHRA لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیای پاکستانی، فیلمەکە کە نزیکەی 28 خولەکە، تا کۆتایی مانگی ئەیلوول زیاتر لە 50 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەهۆی ئەم فیلمەوە کەناڵی بەرهەمهێنەری فیلمەکە لە 100 هەزار سابسکرایبەر تێپەڕیوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم فیلمە نموونەیەکی نوێیە بۆ ئەوەی چۆن ژیری دەستکرد دەتوانێت رێگای بەرهەمهێنانی فیلم بگۆڕێت و بە فیلمسازێکی تاک، بەبێ ستافی گەورە و پرۆسەیەکی گران، هەوڵی دروستکردنی کاری فانتازی بدات.


