دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی )ماڵی وەفایی( نوێترین رۆمانی دەرهێنەر و نووسەری ناوداری کورد، هونەر سەلیم بە ناونیشانی "کۆنسێرت بۆ کەڕان" چاپ و بڵاودەکاتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی مانگی 10 و سەرەتای مانگی 11، رۆمانەکە بکەوێتە بەر دەستی خوێنەران، هاوکات بە ئامادەبوونی نووسەر رێورەسمێکی تایبەت بۆ ناساندن و واژۆکردنی کتێبەکە لە هەولێر ساز بکرێت. بەگوێرەی راگەیێنراوی ماڵی وەفایی، رۆمانی )کۆنسێرت بۆ کەڕان( هاوشێوەی هەردوو رۆمانی پێشووی نووسەر بە زمانی فەڕەنسی نووسراوە، "بەڵام ئەوەی ئەم بەرهەمە لە کارەکانی پێشوو جیادەکاتەوە شێوازی وەرگێڕانەکەیەتی، رۆمانەکە بە مۆدێلی هاوبەشیی راستەوخۆی نێوان هوێر سەلیم و رێبین فەتاح وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی". هونەر سەلیم پێشتر دوو رۆمانی نووسیوە. یەکەمین رۆمانی بە ناونیشانی )تفەنگەکەی باوکم( کە پاش بڵاوکردنەوەی لە فەڕەنسا لە ساڵی 2004، تاوەکو ئێستا بۆ زیاتر لە 30 زمانی زیندووی جیهان (وەک ئینگلیزی، ژاپۆنی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، ئیسپانی، تاملی، کەتەلانی، باسکی، پورتوگالی، هۆڵەندی، یۆنانی، تورکی، عەرەبی و هتد) وەرگێڕدراوە. بەهۆی بەرفرەوانی بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمەوە رەخنەگرانی ئەدەبی نازناوی "باڵیۆزی مێژوو، خەبات و ئازاری کورد"یان پێبەخشیوە. رۆمانی )ئەز و ئەز، ژیانی دوای مردنم( دووەمین رۆمانی هونەر سەلیم بوو کە بە فەڕەنسی بڵاوکرایەوە و هەر ساڵی رابردوو راستەوخۆ وەرگێڕدرایە سەر هەردوو شێوەزاری کوردی سۆرانی و کورمانجی، هاوکات بە زمانەکانی وەک تورکی و عەرەبیش چاپ و بڵاوکراوەتەوە. هونەر سەلیم لە ئازاری 1964 لە شارۆچکەی ئاکرێ لە باشووری کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی 17 ساڵیدا زێدی لەدایکبوونی جێهێشت و رووی لە ئیتاڵیا کرد و ئێستا لە فەرەنسا دەژیت. ماڵی وەفایی لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت، هونەر سەلیم، لە پای کار و داهێنانەکانی چەندین خەڵات و رێزلێنانی نێودەوڵەتی پێدراوە. دیارترینیان بەدەستهێنانی خەڵاتی سان مارکۆ بوو لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیز لە ساڵی 2003 بۆ فیلمی بەناوبانگی "Vodka Lemon". فیلمی "My Sweet Pepper Land" لە ساڵی 2013دا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەرانی لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەبوو زەبی، خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی شیکاگۆی پێبەخشرا. ساڵی 2005، فیلمی کیلۆمەتر سفر، بە شێوەیەکی فەرمی لە کێبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵی فیلمی کان وەرگیرا، ئەوە دەستکەوتێکی بێپێشینە بوو لە مێژوودا کە فیلمێکی کوردی بەو ئاستە بگات. هاوکات، هونەر سەلیم لە پای کۆی بەشداری و کارە هونەری و کەلتوورییەکانی، لە ساڵی 2005دا میدالیای شۆڤالیێ بۆ ئەدەب و هونەر لەلایەن حکومەتی فەڕەنساوە پێبەخشراوە.