رووداو دیجیتاڵ
کارۆ کورد گۆرانییەکی بەناوی "زیندووین" بە دەنگێکی حەوت ئۆکتاڤی لە رێگەی رووداوەوە بڵاوکردەوە.
نێوەڕۆکی بەرهەمەکە نیشتمانییە و ئومێدبەخشە بۆ کورد. ئاوازی گۆرانیی زیندووین لەلایەن ئاوازدانەری ناوداری رووسیا ئیگۆر کروتۆی داڕێژراوە، کە لەسەر ئاستی جیهان بە داڕشتنی بەرهەمە سەمفۆنی و ئۆپێراییەکان بۆ گەورە هونەرمەندەکان ناسراوە.
سەرجەم قۆناخەکانی دیکەی کارەکە لە دەنگبێژی، تێکست، تۆمارکردن، میکس و ماستەرینگ لەلایەن ستودیۆی "کارۆ کورد"ەوە کراون.
کارۆ کورد سەبارەت بە دەگمەنیی دەنگی و ستایلی بەرهەمەکەی بە رووداوی گوت، "ئیگۆر کروتۆی ئاوازی گۆرانییەکەی بە جۆرێک دابەش کردووە، کە بتوانم لە ئۆکتاڤی دووەمەوە تاوەکو ئۆکتاڤی حەوتەم نۆتەکان بخوێنم و ئەم دەگمەنییەی دەنگم بە جیهان بناسێنم."
ستایلی ئەم کارە تێکەڵەیەکە لە چەندین شێوازی جیهانی لەوانە (کلاسیکاڵ کرەسئۆڤەر، سەمفۆنیک، ئۆپێراتیک، نیۆکلاسیکاڵ و سینەماتیک)، بە گوتەی کارۆ، "یەکەمجارە لە مێژووی هونەری کوردیدا کارێکی لەم شێوەیە بەرهەم بهێنرێت."
تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم بەرهەمە، کۆنترۆڵکردنی پانتایی دەنگییە لەلایەن هونەرمەندەوە، بەشێوەیەک توانیویەتی لە قووڵترین و نزمترین تۆنەکانەوە (باس)، بەبێ لەدەستدانی کواڵیتی و سۆز، سەرکەوێت بۆ بەرزترین فریکوێنسییە مرۆییەکان وەک (سۆپرانۆ و تۆنی فیکە).
دیمەنەکانی ڤیدیۆکلیپەکە لەنێو سرووشتی دڵڕفێنی شارەدێی "دزڵی" و شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراون.
لە کلیپەکەدا ژیریی دەستکرد بە شێوازێکی پێشکەوتوو بەکارهێنراوە بۆ ئەوەی کەشێکی خەیاڵی و سینەمایی بە دیمەنەکان ببەخشێت.
کارۆ کورد، خەڵکی گوندی دزڵییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری مێژوو هەیە و ژەنیاری چەندین ئامێری میوزیکییە. بەم بەرهەمە نوێیەشی دەروازەیەکی نوێ لەبەردەم هونەری هاوچەرخی کوردی بەرەو جیهان دەکاتەوە.


