رووداو دیجیتاڵ
دەرهێنەر هەڵکەوت مستەفا، نوێترین ترەیلەری فیلمە سینەماییەکەی بەناوی "بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێت" بڵاوکردەوە، ئەمەش دوو رۆژ پێش رێوڕەسمی فەرشی سوور و نمایشی تایبەتی فیلمەکە لە هەولێر.
بڵاوکردنەوەی ترەیلەرەکە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ نمایشکردنی فیلمەکە لە هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لە 83یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیسیا پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا، بە فەرمییش لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی عێراقەوە وەک نوێنەری وڵاتەکە بۆ خەڵاتی ئۆسکاری 2027 (بەشی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی) دەستنیشان کرا.
لە ترەیلەرە نوێیەکەدا بەشێک لە دیمەنە بەهێزەکانی فیلمەکە خراونەتەڕوو، کە لە شاری موسڵ وێنەی گیراوە. چیرۆکی فیلمەکە لە بەسەرهاتی راستەقینەی شەڕی دژ بە داعش وەرگیراوە و تیشک دەخاتە سەر رۆڵی ژنانی پێشمەرگە؛ کە تێیدا ئەکتەری کورد ئاڤان جەمال رۆڵی "ڤیان" دەبینێت، کە نیشانەشکێنێکی پێشمەرگەیە و بەناو وێرانەکانی موسڵدا دەگەڕێت بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنی خوشکەکەی.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە رێوڕەسمی فەرشی سوور بە ئامادەبوونی دەرهێنەر، ستافی فیلمەکە و ژمارەیەک لە هونەرمەندان و کەسایەتییە دیارەکان لە هەولێر بەڕێوەبچێت، دواتریش لە رۆژی 22ی ئەیلوولەوە فیلمەکە لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بۆ بینەران نمایش دەکرێت.
لە فیلمەکەدا ژمارەیەک ئەکتەری نێودەوڵەتی و نەرویجی، لەنێویاندا تۆرپیۆرن هار، بەشدارییان تێدا کردووە.


