رووداو دیجیتاڵ
لە سیتی سینەمای شاری سلێمانی، فەرشی سوور بۆ یەکەمین نمایشی فیلمی کۆمێدی و خێزانیی 'ماڵی نەنە' راخرا. ئەکتەرانی سەرەکی و تەواوی ستافی پشت کامێرا، لە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرەوە تاوەکو تیمی مکیاژ و دیکۆر، بەسەر فەرشی سووردا رۆیشتن و وردەکاریی ئەو بەرهەمەیان بۆ بینەران خستەڕوو، کە بڕیارە لە 27ی ئەم مانگەوە لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نمایش بکرێت.
شەوی چوارشەممە 26-8-2026 ژمارەیەک ئەستێرە لە ئاسمانی سینەمای سلێمانی درەوشانەوە، ئەکتەر و ستافی فیلمی ماڵی نەنە یەک یەک لە پاسەکەیان دابەزین و بەسەر فەرشی سووردا بەرەو یەکەم نمایش هەنگاویان نا.
چیرۆکی فیلمەکە
چیرۆکی ئەم فیلمە باس لە دایک و باوکێک دەکات، کە سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن و سێ منداڵەکەیان لەلای داپیرە و باپیرەیان بەجێدەهێڵن.
باپیرەی منداڵەکان کە وێنەکێشە، بۆ تەواوکردنی کارە هونەرییەکانی پێویستی بە کەشێکی زۆر هێمن هەیە، بەڵام هەبوونی سێ منداڵ لە ماڵەکەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە و رووداوی کۆمێدی. فیلمەکە لە نێوان پێکەنینەکاندا، کۆمەڵێک ئامۆژگاریی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی گرنگ ئاراستەی خێزانەکان دەکات.
راوێژی دەروونی و تێچووی 200 هەزار دۆلاری
باهۆز نەسرەدین، بەرهەمهێنەری فیلمی (ماڵی نەنە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم فیلمە بەرهەمێکی خێزانیی کۆمیدییە و هەوڵێکە بۆ ئەوەی سینەمای کوردی بە زمانێکی جیاواز لەگەڵ خێزانەکان قسە بکات."
سەبارەت بە تێچووەکەشی گوتی، کە نزیکەی 200 هەزار دۆلاری تێچووە، کە سێ قۆناخی (پێش بەرهەمهێنان، کاتی وێنەگرتن و دوای بەرهەمهێنان)ی گرتووەتەوە.
باهۆز نەسرەدین گوتی: "یەکێک لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە کە سیناریۆکە لە لایەن دکتۆر محەممەد خانییەوە خوێندراوەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن هیچ لێکەوتەیەکی دەروونیی نەرێنی بۆ منداڵان نابێت."
دکتۆر محەممەد خانی، کە خۆشی لە نمایشکە بەشداربوو و لەسەر فەرشی سوور پەیامێکی پەروەردەیی گەیاند و گوتی: "پەروەردە شتێکی زۆر قورس و گرنگە کە بەداخەوە هەندێک کات بیرمان دەچێت، بۆیە پێویستە هەندێکجار بەم شێوەیە بیرمان بخەنەوە".
دکتۆر محەممەد خانی هەروەها گوتی: "لەم فیلمەدا سێ نەوە دەبینن؛ مامناوەند، منداڵ و دایک و باوک، کە لە کۆتاییدا تێگەیشتن و لێکتێنەگەیشتنیان یەکدەگرێتەوە." دڵنیایی دایە خێزانەکان و گوتی، 95%ی فیلمەکە لە روانگەی زانستی ئەوەوە قبووڵکراوە.
ئەزموونی ئەکتەرەکان و پەیامی ستاف
ژانری فیلمەکە لە سینەمای کوردی هەنگاوێکی نوێیە، ئەمە بینەرانی دڵخۆش کرد، رووداو قسەی لەگەڵ ئەکتەرەکان کرد و هەموو داوایان کرد بینەران بە ئاسوودەیی و بە خێزانی دەتوانن بێن و سەیری فیلمەکە بکەن، چونکە چیرۆکەکە منداڵان دڵخۆش دەکات.
هێلیان شێرزاد، کە یەکێکە لە ئەکتەرەکانی فیلمەکە لەسەر فەرشی سوور بە رووداوی گوت: "وەک یەکەم ئەزموون زۆر قورس بوو، چونکە پێشتر نواندنم نەکردبوو، بەڵام ستافەکە زۆر هاوکار بوون. بابەتی فیلمەکە کە پەروەردەی خێزانی بوو، هۆکاری سەرەکی بوو بۆ بەشداریکردنم."
هەڵوێست جەمال، ئەکتەرێکی دیکەی سەرەکییە و دەڵێت: "من بیرم لەوە نەکردبووەوە بەشداری فیلم بکەم، چونکە خۆم رۆژنامەنووسم و زۆر خەریکی هەواڵم، لە هەمان کاتدا دکتۆریشم، بەڵام خۆم پێشتر دوور و نزیک کاری ئەکتەریم کردووە و باکگراوندم هەبوو دەمزانی، هەروەها بابەتەکە پەیوەندی بە منداڵەوە هەبوو، بۆیە بڕیارمدا بەشدار بم."
لەم فیلمەدا سێ منداڵ بە ناوەکانی (هەتوان هێرش، زین رەوەز و دیرێ دارکۆ)، هێڵیان، خەرمانخان، هەڵوێست سیروان ئەکتەری سەرەکین و تەنانەت ئەکتەری ئاژەڵیش لە فیلمەکەدا بەکارهاتووە.
یاریدەدەری دەرهێنەری فیلمەکەش ئاماژەی بەوە کرد، کارکردن لەگەڵ دوو نەوەی جیاواز (منداڵ و بەتەمەن) ئەزموونێکی تایبەت بووە. پەیامی سەرەکیی فیلمەکەش پەروەردەیە.
کەی فیلمەکە نمایش دەکرێت؟
وێنەگرتنی فیلمی 'ماڵی نەنە' ماوەی دوو مانگ و نیوی خایاندووە. ئەم فیلمە کە حەوتەمین بەرهەمی کۆمپانیای (میترۆنۆم پرۆدەکشن)ـە و لە دەرهێنانی محەممەد مستەفایە.
بڕیارە رۆژی 27-8-2026 و رۆژانی دواتر لە سینەماکانی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نمایش بکرێت. ستافی فیلمەکە داوا لە هەموو خێزانەکان دەکەن منداڵەکانیان بهێنن بۆ بینینی ئەم بەرهەمە.



