رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی (ماڵی نەنە) لە سینەماکانی باشووری کوردستان و عێراق پێشاندەدرێت. بەرهەمهێنەری فیلمەکە دەڵێ، تێچووی بەرهەمەکە 200 هەزار دۆلار بووە و لە رووی دەروونییەوە رێکارە پێویستەکان گیراونەتەبەر تاوەکو بۆ منداڵان گونجاو بێت.
رۆژی چوارشەممە، 26 ئابی 2026، باهۆز نەسرەدین، بەرهەمهێنەری فیلمی (ماڵی نەنە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فیلمەکە بەرهەمێکی خێزانیی کۆمیدییە و چەندین پەیامی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لەپشتە. ئەم فیلمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی سینەمای کوردی بە زمانێکی جیاواز لەگەڵ خێزانەکان قسە بکات، بە شێوەیەک کە گەورە و منداڵ پێکەوە بتوانن بینەری بن و خۆیان لەنێو چیرۆکەکەدا ببیننەوە."
سەبارەت بە لایەنی دارایی و تێچووی بەرهەمەکە، باهۆز نەسرەدین گوتی: "فیلمی ماڵی نەنە نزیکەی 200 هەزار دۆلاری تێچووە، کە سێ قۆناخی پێش بەرهەمهێنان، کاتی وێنەگرتن و دوای بەرهەمهێنانی گرتووەتەوە."
یەکێک لە خاڵە جیاوازەکانی ئەم فیلمە، رەچاوکردنی لایەنی دەروونیی بینەرە. بەرهەمهێنەری فیلمەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی دیالۆگ و رەفتارەکان، تیمی فیلمەکە پشتیان بە راوێژکاری دەروونی بەستووە.
هەروەها سیناریۆکە کە لەلایەن (ساوان خالید) نووسراوە و (شوان کەریم) و (محەممەد مستەفا)ی دەرهێنەر پێداچوونەوەیان بۆ کردووە، لەلایەن دکتۆر محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونییەوە خوێندراوەتەوە، تاوەکو دڵنیابن لەوەی هیچ لێکەوتەیەکی دەروونیی نەرێنی بۆ منداڵ و خێزانەکان نابێت.
فیلمی (ماڵی نەنە) لە دەرهێنانی محەممەد مستەفایە و حەوتەمین بەرهەمی کۆمپانیای (میترۆنۆم پرۆدەکشن)ە. بڕیارە سبەی لە سلێمانی نمایشی فەرشی سووری بۆ بکرێ و رۆژی 27ی ئابی 2026 و رۆژانی دواتر لە سەرجەم سینەماکانی کوردستان و عێراق نمایش بکرێت.



