رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە فیلمی سینەمایی کوردیی (ماڵی نەنە) ئەم مانگە لە سینەماکانی باشووری کوردستان و عێراق پیشان بدرێ. باهۆز نەسرەدین، بەرهەمهێنەری فیلمی (ماڵی نەنە) دەڵێ: "ئەوەی لەم فیلمەدا بیرمان هاتووەتەوە خێزانە، واتە ئەو ناوچە ئارامەی کە لە ماڵی نەنک و باپیرەکانماندا هەیە."
باهۆز نەسرەدین گوتیشی: "ئێستا لە دۆخێکداین کە خەڵک لە قەیرانی ئابووری و سیاسی و لەژێر گوشارێکی زۆردایە. ئێمە ئەوەی بیرمان چووەتەوە خێزانەکانمان، منداڵ و گەورەکانمانە."
بەرهەمهێنەری فیلمی (ماڵی نەنە) ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە بەدوای ئارامیدا دەگەڕێین و پێمان وایە لە شوێنێکی دوورە، بەڵام ناوچە ئارامەکە نزیکەکانی خۆمانن. هەموو ئەو پارێزگارییەی لە دنیا لە مرۆڤێک دەکرێ، هیچی ناگاتە ژێر باڵی نەنک، دایک، باوک و کەسوکارە دڵسۆزەکانمان."
ئەو بەرهەمهێنەرە گوتیشی، هەوڵیان داوە لەم فیلمەدا باس لەو رێز و خۆشەویستییە بکەن کە لە خێزاندا هەیە و رایگەیاند: "هەر تاکێکی ئێمە ئەم فیلمە ببینێت، یان خۆی تێدا دەبینێتەوە کە بە منداڵی لە ماڵی نەنک و باپیری کارێکی کردووە کە ئێستا پێمان وایە کەتنە، بەڵام هەموو ئەو خۆشی دەربڕین و مامەڵەیەیە کە لەگەڵ نەنک و باپیر و خاڵ و مامماندا کردوومانە و ئێستا بووەتە یادگارییەکی خۆش."
ئەو بەرهەمهێنەرە باسی لەوەش کرد: "هەموو ئەمانەمان لەنێو فیلمێکدا کۆکردووەتەوە کە بتوانین بە شێوەیەکی پەروەردەیی و خێزانی بیگەیەنینە منداڵ و گەورەکانمان. لەوانەیە هەندێکجار لە رێگەی قسە، ئامۆژگاری، کتێب و بەرنامەکانەوە نەتوانین ئامانجەکەمان بپێکین، بەڵام لە رێگەی ئەم فیلمەوە بە ژانرێکی کۆمیدی و بە شێوەیەکی چێژبەخش پەیامەکانمان دەگەیێنێن."
قسەکانی باهۆز نەسرەدین ئەمڕۆ شەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
سەبارەت بە تێچووی فیلمەکە، باهۆز نەسرەدین دەڵێت: "فیلمی ماڵی نەنە نزیکەی 200 هەزار دۆلاری تێچووە، کە ئەمە بەرهەمی 10 ساڵ کارکردنە بە دروستکردنی ستاف و کۆکردنەوەی پێداویستییەکانمان بۆ کەمکردنەوەی تێچوو."
گوتیشی: "ئەم پارەیە بەسەر سێ قۆناخدا دابەش بووە: پێش بەرهەمهێنان، کاتی بەرهەمهێنان و دوای بەرهەمهێنان، نزیکەی 25٪ی ئەم پارەیە بۆ ئامادەکردنی ئەکتەرەکان دەڕوات."
سەبارەت بە کاریگەریی دۆخی سیاسی، باهۆز نەسرەدین گوتی: "هەموو کارەکانمان لەسەر دۆخی سیاسی وەستاوە. ئێمە نزیکەی چوار بۆ پێنج مانگ کارمان لەسەر ئامادەکردنی چیرۆک و دەقەکەی کرد، بەڵام بەهۆی شەڕی ئێرانەوە بە تەواوی وەستاین. دوای دەستپێکردنەوەمان، نزیکەی دوو مانگ و نیوی پێویست بوو بۆ وێنەگرتن و تەواوکردنی فیلمەکە."
ئەلەند ئەکرەم، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی فیلمی (ماڵی نەنە)ش رایگەیاند، پلانی بەبازاڕکردنی ئەم فیلمە بە جۆرێک داڕێژراوە کە ببێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ دروستکردنی ئابوورییەکی بەردەوام لە سینەمای کوردیدا.
ئەلەند ئەکرەم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مارکێتینگ لای ئێمە قۆناخێکی هەستیارە، چونکە دەمانەوێ بازاڕگەریی سینەمای کوردی ببێتە بزوێنەرێکی گرنگی ئابووریی کوردستان."
بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی فیلمی (ماڵی نەنە) ئاماژەی بەوەش کرد، پیشاندانی فیلمەکە لە سەرجەم شارەکانی عێراق "هەنگاوێکی مێژووییە" و تیمی بەبازاڕکردن لە هەموو قۆناخەکانی وێنەگرتن ئامادەبوون بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکی نوێی بازاڕگەری.
فیلمی سینەمایی "ماڵی نەنە"، کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیاییەتی، وەک نوێترین بەرهەمی سینەمای کوردی خۆی بۆ نمایشکردن ئامادە دەکات. بڕیارە رۆژی 26ی ئەم مانگە، فەرشی سوور و نمایشی تایبەتی فیلمی (ماڵی نەنە) لە (سیتی سینەما)ـی سلێمانی بەڕێوەبچێت. لە 27ی مانگیشەوە پیشاندانی گشتی لە سەرجەم شارەکانی باشووری کوردستان و عێراق دەستپێدەکات. فیلمەکە بۆ بینەرانی عەرەب بە ژێرنووسی عەرەبی پێشکەش دەکرێ.
کۆکردنەوەی دوو نەوەی جیاواز
"ماڵی نەنە" ئەزموونێکی نوێیە لە کۆکردنەوەی سێ ئەکتەری منداڵ لەگەڵ ئەکتەرە بەتەمەن و بە ئەزموونەکان. باهۆز باس لەوە دەکات کە ئەمە "سەختترین بەشی کارەکە بووە"، بەڵام بەهۆی هاوکاریی هونەرمەندان (سیروان جەمال و خەرمان هیرانی) و هەبوونی راهێنەری تایبەت بۆ منداڵەکان، توانیویانە ئەو جیاوازییە گەورەیەی تەمەن کە 60 بۆ 70 ساڵ بووە، بپۆشن و نواندنێکی بێوێنە پێشکێش بکەن.
سیناریۆیەکی متمانەپێکراو لە رووی دەروونییەوە
بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی دیالۆگ و رەفتارەکان، تیمی فیلمەکە پشتیان بە راوێژکاری دەروونی بەستووە. سیناریۆکە کە لەلایەن "ساوان خالید" نووسراوە و "شوان کەریم" و "محەمەد مستەفا"ی دەرهێنەر پێداچوونەوەیان بۆ کردووە، لەلایەن دکتۆر محەمەد خانی، پسپۆڕی دەروونییەوە خوێندراوەتەوە، تاوەکو دڵنیابن لەوەی هیچ لێکەوتەیەکی دەروونیی نەرێنی بۆ منداڵ و خێزانەکان نابێت.
جیاوازیی 'ماڵی نەنە' لەگەڵ فیلمەکانی دیکە
لە وەڵامی ئەوەی چی وای لێدەکات بینەری ئێستای کورد رازی بکات، باهۆز ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمە یەکەمجارە ژانری "کۆمیدیای خێزانی" بەم شێوەیە لە سینەمای کوردیدا کاری لەسەر بکرێت. ئەو دەڵێت: "ئێمە چیرۆکی کوردی لە فیلمێکی کوردی، بە تەکنیکێکی جیهانی و نواندنێکی سادە دەگێڕینەوە، کە بینەر دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو یادەوەرییەکانی خۆی."
فیلمی "ماڵی نەنە" حەوتەمین بەرهەمی کۆمپانیای (میترۆنۆم پرۆداکشن)ە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا ببێتە دیارییەکی سینەمایی بۆ خێزانەکان لە سەرانسەری کوردستان و عێراق.

.png&w=3840&q=75)