رووداو دیجیتاڵ
ئەلەند ئەکرەم، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی فیلمی "ماڵی نەنە" رایگەیاند، پلانی بەبازاڕکردنی ئەم فیلمە بە جۆرێک داڕێژراوە کە ببێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ دروستکردنی ئابوورییەکی بەردەوام لە سینەمای کوردیدا. ئاماژەی بەوەش کرد، نمایشکردنی فیلمەکە لە سەرجەم شارەکانی عێراق "هەنگاوێکی مێژووییە".
ئەلەند ئەکرەم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تیمی بەبازاڕکردن لە هەموو قۆناخەکانی وێنەگرتن دا هاوشانی کاست و تیمی هونەری لەسەر سێت ئامادەبوون، ئەمەش بە ئامانجی داڕشتنی ستراتیژییەکی نوێ بۆ بازاڕگەریی سینەما. گوتیشی: "مارکێتینگ لای ئێمە قۆناخێکی هەستیارە، چونکە دەمانەوێت بازاڕگەریی سینەمای کوردی ببێتە بزوێنەرێکی گرنگی ئابووریی کوردستان."
لە 27ی مانگەوە؛ "ماڵی نەنە" لە سینەماکانی عێراق و کوردستان
بڕیارە رۆژی 26ی ئەم مانگە، فەرشی سوور و نمایشی تایبەتی فیلمی "ماڵی نەنە" لە (سیتی سینەما)ـی سلێمانی بەڕێوەبچێت. لە 27ی مانگیشەوە نمایشی گشتی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان و عێراق دەستپێدەکات. فیلمەکە کە بە کواڵیتییەکی ستانداردی جیهانی بەرهەمهێنراوە، بۆ بینەرانی عەرەب بە ژێرنووسی عەرەبی پێشکێش دەکرێت.
بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی فیلمەکە، نمایشی ئەم بەرهەمە لە بەغدا و بەسرە و شارەکانی دیکەی عێراق بە هەنگاوێکی گرنگ دەبینێت و دەڵێت: "کۆمیدیا و کێشەی نێوان نەوەکان زمانێکی جیهانییە؛ چیرۆکی (ماڵی نەنە) لە بەغدا و بەسرە هەمان تامی سلێمانی و هەولێری هەیە، ئەمەش سنووری نەتەوە و زمان دەبەزێنێت."
ستراتیژییەکی جیاواز بۆ بەبازاڕکردن
دەربارەی کەمپەینەکانی ناساندنی فیلمەکە، ئەلەند ئەکرەم روونیکردەوە کە ئەوان تەنها پشتیان بە "ترەیلەر" نەبەستووە، بەڵکو کەشوهەوای پشت کامێرا و کێبڕکێی نێوان ئەکتەرەکانیان کردووەتە کەرەستەی ناساندن بەبێ ئەوەی چیرۆکەکە ئاشکرا بکەن. تەنانەت ئاماژەی بەوە کرد کە "بۆ یەکەمجار لە سیتی سینەما، دیزاینی بۆکسی گەنمەشامی (پۆپکۆرن) و ماتێریاڵەکانی تری ناو سینەماش بە موودی فیلمەکە گۆڕدراون."
رووداو وەک هاوبەشێکی ستراتیژی
ئەلەند ئەکرەم تیشکی خستە سەر رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو وەک سپۆنسەری میدیایی و گوتی: "بوونی هاوبەشێکی وەک رووداو، هێزێکی گەورەی بە فیلمەکە بەخشی، تاوەکو بگاتە هەموو ماڵێک لە کوردستان و دیاسپۆرا. رووداو وای کرد فیلمەکە لە کارێکی هونەرییەوە بگۆڕێت بۆ (رووداوێکی نیشتمانیی کولتووری) و متمانەیەکی زۆری لای خێزانەکان دروستکرد."
ئامانج؛ شکاندنی ژمارەی پێوانەیی
لە کۆتایی قسەکانی دا، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی فیلمەکە گەشبینی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: "ئامانجی ئێمە تەنیا نمایشکردن نییە، بەڵکو دەمانەوێت ژمارەی پێوانەیی بینەر لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان بشکێنین. کاتێک بینەر بە متمانەوە بلیت دەکڕێت و سپۆنسەرە بازرگانییەکان وەبەرهێنان لە سینەمادا دەکەن، ئەوە نیشانەیەکە کە سینەمای کوردی بەرەو ئابوورییەکی سەربەخۆ هەنگاو دەنێت."

.png&w=3840&q=75)
