رووداو دیجیتاڵ
مادۆنا، گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریکی لە بەربژێربوون بۆ خەڵاتەکانی MTV پێشەنگی گرتووە، بەربژێرە بۆ بردنەوەی 11 خەڵات.
ئەو هونەرمەندە تەمەنی 68 ساڵە، بەردەوامە لە درەوشانەوە، رۆژی 27ـی مانگی داهاتوو خەڵاتەکانی MTV VMA دابەش دەکرێن، مادۆنا بەربژێرە بۆ بردنەوەی چەندین خەڵات، لەوانە خەڵاتی ڤیدیۆی ساڵ، هونەرمەندی ساڵ و گۆرانیی ساڵ، جگە لەو بەشە سەرەکییانە مادۆنا لە بەشە تەکنیکییەکانی وەکو هاوکاری، رێکخستن، ئاراستەکردن، وێنەگرتن، مۆنتاژ، کۆریۆگرافی ناوی لەنێو بەربژێرانی بردنەوەی خەڵاتەکانە.
مادۆنا کە زیاتر لە چوار دەیەیە لە جیهانی پۆپدا دەدرەوشێتەوە، تاوەکو ئێستا 19 خەڵاتی VMAـی بردووەتەوە و ساڵانە ناوی لە لیستی بەربژێرانی خەڵات هەیە.
لە دوای مادۆنا، تایلەر سویفت دێت کە لە نۆ بەشی خەڵاتەکانی ئێم تی ڤیدا بەربژێرە. دوای ئەویش ئاریانا گراندی و سابرینا کارپێنتەر هەریەکەیان بەربژێرن بۆ بردنەوەی 7 خەڵات.
پێناچێت ئەمساڵ ساڵی گۆرانیبێژانی پیاو بێت لە ئەمریکا، چونکە دوای ئەو هەموو ژنە هونەرمەندە، ئینجا برونۆ مارس بەربژێر کراوە بۆ بردنی 5 خەڵات، هەروەها زارا لارسنیش بە هەمان ژمارە بەربژێری بردنەوەی خەڵاتەکانە.
لە بردنەوەی خەڵاتی هونەرمەندی ساڵ، هونەرمەندان مادۆنا، تایلەر سویفت، ئاریانا گراندی، برونۆ مارس، سابرینا کارپێنتەر و مۆرگان واڵن، بەربژێرن.
ئەگەر مادۆنا هەموو خەڵاتەکان بباتەوە، ژمارەی خەڵاتەکانی دەگاتە 30 خەڵات، لەگەڵ بیۆنسێ و تایلەر سویفت دەچێتە ریزی ئەوانەی زۆرترین خەڵاتی ئەو رێوڕەسمەیان بردووەتەوە کە وەکو باڵۆندۆری هونەری وایە.
خەڵاتەکانی MTV VMA 2026 رۆژی 27ـی ئەیلوول راستەوخۆ دابەش دەکرێن، لە هەندێک بەشدا دەنگدانی خەڵک تاوەکو 25ـی مانگ بەردەوام دەبێت.

.png&w=3840&q=75)

