رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراو ئارام تیگران، لە مەراسیمێکدا لە شاری دوسڵدۆرفی ئەڵمانیا، چاپی سێیەمی کتێبێکی تایبەت بە ژیان، بەرهەم و ئەرشیڤی ئەو هونەرمەندە بڵاوکرایەوە، تێیدا سەدان تێکست و نۆتەی گۆرانییەکانی کۆکراونەتەوە.
مەراسیمەکە لە کتێبخانەی شاری دوسڵدۆرف بەڕێوەچوو. کتێبەکە لەلایەن نووسەر کاکشار ئۆرەمار ئامادەکراوە و وەکو سەرچاوەیەکی مێژوویی گرنگ بۆ موزیکی کوردی دەبینرێت. لەم چاپە نوێیەدا، 400 هۆنراوە، تێکست و نۆتەی گۆرانییەکانی مامۆستا ئارام ئەرشیڤ کراون، ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەک بۆ پاراستنی مێژووی موزیکی کوردی بۆ نەوەکانی داهاتوو.
هونەرمەندی ناوداری کورد، شڤان پەروەر، یەکێک بوو لە بەشداربوانی مەراسیمەکە، تیشکی خستە سەر پێگە و بەهای هونەریی ئارام تیگران و باسی لە پەیوەندیی هاوڕێیەتی و ئەو میراتە دەوڵەمەندە کرد ئەو هونەرمەندە بۆ گەلی کوردی بەجێهێشتووە.
کاریگەریی موزیک و دەنگی ئارام تیگران تەنیا لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی دیاریکراودا نەماوەتەوە و سنوورەکانی بڕیوە. گەوهەر مامۆ، ژنە کوردێکی دانیشتووی ئەرمەنستان، لە مەراسیمەکەدا ئاماژەی بەوە کرد مامۆستا ئارام لەنێو دڵی کوردی ئەرمەنستان و تەواوی ناوچەکەدا پێگەیەکی ئێجگار بەرز و تایبەتی هەیە.
ئەم چالاکییە کلتوورییە و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەی کاکشار ئۆرەمار، جارێکی دیکە ئەو راستییەیان دووپات کردەوە موزیکی ئارام تیگران تەنیا بەرهەمێکی هونەریی سادە نییە، بەڵکو میراتێکی زیندووە مێژووی بەکۆمەڵی کوردان دەپارێزێت. ئارام تیگران بەهۆی تێکست و ئاوازەکانی، لە مێژووی هاوچەرخی کورددا وەکو "دەنگی ئازادی و سیمبوولی برایەتیی گەلان" دەناسرێت.
