رووداو دیجیتاڵ
کۆنسێرتەکەی کانیێ وێست، هونەرمەندی براوەی خەڵاتی گرامی، کە بە ئامادەبوونی 118 هەزار کەس لە یاریگای ئۆڵۆمپیی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، بووە یەکێک لە گەورەترین کۆنسێرتی مێژووی میوزیک کە لە یاریگاکان بەڕێوەبچێ و ریکۆردێکی جیهانی تۆمار کرد.
ئەو کۆنسێرتە ئێوارەی رۆژی شەممە، 30ی ئایاری 2026 بە هاوکاریی ئاژانسی گەشەپێدان و ناساندنی گەشتوگوزاری تورکیا (TGA) رێکخرا و دەیان هەزاران هەواداری میوزیک و گۆرانی لە سەرانسەری جیهانەوە، بە تایبەت لە بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، رووسیا و وڵاتانی کەنداوەوە بۆ ئەو مەبەستە چوونە ئیستەنبووڵ.
کانیێ وێست لە کاژێر 21:00 چووە سەر ستەیج و بۆ 2 کاژێر بێ وەستان بەرهەمە نوێیەکانی ئەلبوومی "BULLY" و گۆرانییە کۆنەکانی پێشکێش کرد. ئەو هونەرمەندە لەسەر ستەیج رایگەیاند: "ئێمە لێرە لەگەڵ 118 هەزار کەس ریکۆردی بەرزترین رێژەی ئامادەبوونی کۆنسێرتی نێو یاریگاکانمان لە مێژوودا شکاند."
کۆنسێرتەکە بە شێوەی زیندوو لە هەژماری فەرمیی یوتیووبی کانیێ وێست پەخش دەکرا و تەنیا لە چەند خولەکێکدا ملیۆنان بینەری لە جیهاندا کۆکردەوە. ئەمەش وایکرد ملیۆنان بینەر لەیەککاتدا سەیری قەرەباڵخترین کۆنسێرتی جیهانی بکەن.
کۆنسێرتەکە لە کاتێکدایە ژێرخانی گەشتیاری و کات بەسەربردنی شاری ئیستەنبووڵ بەهۆی پێشوازیکردن لە رووداوە گەورە نێودەوڵەتییەکان لەم دواییانەدا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
یەکێک لە پلانەکانی ئاژانسی گەشەپێدان و ناساندنی گەشتوگوزاری تورکیا (TGA) بەکارهێنانی گەشتوگوزاری بۆنەکان - جۆرێکە لە گەشتوگوزار کە تێیدا گەشتیاران بە مەبەستی بەشداریکردن یان ئامادەبوون لە بۆنە، فێستیڤاڵ، کۆنفڕانس یان چالاکییەکی تایبەتی کولتووری، وەرزشی، هونەری و بازرگانی، گەشت بۆ شار یان وڵاتێکی دیکە دەکەن – بۆ راکێشانی گەشتیار بۆ تورکیا.
