رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی خێزانێکی خەڵکی بەغدا لەکاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی منداڵێکیان لە سەلاحەدین کەوتنە نێو ئاوەوە و لە ئەنجامدا 7 کەسیان خنکان.
رۆژی هەینی 29ی ئایاری 2026 عەقید قاسم عەلی، گوتەبێژی پۆلیسی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خێزانێک کە لە بەغداوە هاتبوونە تکریت، چوونەتە لای رووباری دیجلە و دوای ئەوەی منداڵێکیان کەوتە نێو ئاوەکە ئەندامانی دیکەی خێزانەکە هەوڵی رزگارکردنیان دا، لە ئەنجامدا ژمارەیەکیان خنکان."
ئەوانەی چووبوون و کەوتبوونە نێو ئاوەکە 13 کەس بوون. بە گوتەی عەقید قاسم، 7 کەس خنکاون کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن کە "تەرمی 6 کەسیان دەرهێندراوەتەوە. 6 کەسی دیکەش رزگار کران."
گوتەبێژی پۆلیسی سەڵاحەدین دەڵێت، تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون و ئەوانەشی رزگارکراون تەندروستییان باشە، گەڕانیش بەدوای هاووڵاتییەکەی دیکە بەردەوامە.
