رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای دیالە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرت، کە بڕێکی زۆر خواردنەوەی کحولی تێدا حەشاردرابوو، شۆفێری بارهەڵگرەکە ویستبووی لەژێر بارە پەتاتەدا خواردنەوەکان بشارێتەوە.
هەیسەم سەلمان شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-05-2026 بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، "هێزەکانی پۆلیسی بەنی سەعد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەواڵگریی سوپای عێراق، لە یەکێک لە بازگەکانی ناحیەی خان بەنی سەعد لە ناوچەی وەزیریە، دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکی پڕ لە خواردنەوە کحولییە جۆراوجۆرەکاندا گرت."
سەبارەت بە شێوازی گواستنەوەی ئەو بارە، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی خواردنەوەکان لە چاوی هێزە ئەمنییەکان ون بکرێن "بە فێڵ لەژێر بارێکی پەتاتەدا شاردرابوونەوە."
هەیسەم سەلمان رایگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هەڵمەتە ئەمنییەکان و پشکنینە وردەکانی هێزەکانی پۆلیسدایە بۆ رێگری لە کارە نایاساییەکان و گوتیشی، "شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستگیرکراوە و پەڕاوی یاسایی بۆ کراوەتەوە تاوەکو رێکاری پێویستی لە بەرامبەر بگیرێتەبەر."
