رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی تەندروستیی نەجەف دەڵێت، لە یادی عاشوورا زیاتر لە 23 هەزار کەس سەردانی مەفرەزە پزیشکییەکانیان کردووە و بەهۆی "لەخۆدان" زیاتر لە 13 هەزار کەس چارەسەر کراون.
ماهر یاسر عەبوودی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای نەجەف، رۆژی شەممە 27ـی حوزەیرانی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "53 مەفرەزەی پزیشکی لە نزیک کەژاوەکان و سێ سەنتەری فریاکەوتنی گەڕۆک جێگیر کرابوون؛ تیمەکانمان چارەسەری پێویستیان بۆ زیاتر لە 13 هەزار و 457 کەس کردووە کە لە ئەنجامی لەخۆدان بریندار ببوون."
بەگوێرەی ئەو ئامارەی تەندروستیی نەجەف بۆ رووداوی ناردووە، بریندارەکانی "لەخۆدان"ی رێوڕەسمی عاشوورا بەپێی تەمەن بەم شێوەیە دابەش بوون:
-هەزار و 377 کەس تەمەنیان لە خوار 15 ساڵ بووە.
-6 هەزار و 138 کەس تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 30 ساڵ بووە.
-3 هەزار و 766 کەس تەمەنیان لە نێوان 31 بۆ 45 ساڵ بووە.
-2 هەزار و 176 کەس تەمەنیان لە 46 ساڵ بۆ سەرەوە بووە.
ماهر یاسر عەبوودی راشیگەیاند، جیا لە بریندارانی لەخۆدان، 600 کەس بەهۆی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵخییەوە بریندار بوون، هەروەها 91 کەسی دیکەش بە هۆکاری جیاواز تووشی سووتان بوون و لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە چارەسەر کراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی نەجەف گوتیشی: "سەرەڕای زۆریی ژمارەی بریندارەکان، هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە."
رۆژی 10ـی موحەڕەم بە (عاشوورا) ناسراوە، لای موسڵمانانی شیعە مەزهەب گەورەترین رۆژی ماتەمینییە. لەم رۆژە دا یادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن، کوڕی عەلی و فاتمەی کچی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پەیامبەری ئیسلام (د.خ) و 72 کەس لە یار و کەسوکاری لە ساڵی 61ـی کۆچی ( 680ـی زایینی) لە بیابانی کەربەلا دەکرێتەوە.
لە یادی رێوڕەسمەکانی (عاشوورا)دا شیعە مەزهەبەکان بە سینگ کوتین و لەخۆدان بە زنجیر و ساتوور و ئامێری جیاواز، شیوەن بۆ شەهیدبوونی ئیمام حوسێن دەگێڕن.
.jpg&w=3840&q=75)

