رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە هۆشداری دەداتە بەرپرسانی وەرزشیی عێراق و رایدەگەیێنێت، ئاستی هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیال "شەرمەزارکەر" بووە. داواش دەکات کارگێڕیی تیمەکە و ستافی راهێنەران بە شێوەیەکی پیشەیی و دوور لە دەستوەردانی حیزبی و تائیفی رێکبخرێنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026، ساڵح محەممەد عێراقی، کە بە (وەزیرەکەی سەدر) ناسراوە، پەیامێکی موقتەدا سەدری بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "تاوەکو ئێرە و بەس، چیتر نابێت لە بەرامبەر ئەو ئاست و ئەنجامە شەرمەزارکەرەی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە مۆندیال و پاڵاوتنەکاندا بێدەنگ بین."
لە پەیامەکەدا سەدر ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە "گۆڕانکاریی خێرا و ریشەیی" لە هەموو ئەو جومگانەدا بکرێت کە پەیوەندییان بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردەکەوە هەیە. دەشڵێت، "پێویستە گۆڕانکارییەکان دوور بن لە پشک پشکێنەی تائیفی، نەتەوەیی و حیزبی. دەبێت بە شێوازێکی پیشەیی و ورد مامەڵە لەگەڵ یاریزانان و مەشق و راهێنانەکانیان بکرێت."
موقتەدا سەدر باسی لەوە کردووە، ئەگەر ئەم چاکسازییانە نەکرێن، "هیچ شوێنێک بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە نێوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا نامێنێتەوە،" ئەمەش بەهۆی ئەو گەندەڵی و "رێککەوتنە نهێنییانەی" کە بەگوتەی ئەو بەرۆکی وەرزشی وڵاتەکەیان گرتووە.
ئەم پەیامە تووندەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە دێت کە هەڵبژاردەی عێراق دوای 40 ساڵ دابڕان، بۆ دووەمجار لە مێژوویدا توانی بگاتە مۆندیال، بەڵام هەر سێ یارییەکەی قۆناخی کۆمەڵەکانی بەرامبەر نەرویج، فەرەنسا و سەنیگال دۆڕاند و لەو سێ یارییەدا 12 گۆڵیان لێکرا و، بەبێ هیچ خاڵێک ماڵئاواییان لە مۆندیال کرد.



.jpg&w=3840&q=75)