رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران بگاتە بەغدا و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی کۆببێتەوە؛ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش دەڵێت، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆسیەی ئەمنییە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە سبەی یەکشەممە، 28-06-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بگاتە بەغدا.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 09:00ی بەیانی هەردوو وەزیرەکە (عەباس عێراقچی و فوئاد حوسێن) کۆبوونەوەیەک دەکەن و دواتریش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا وردەکاریی گفتوگۆکانیان دەخەنەڕوو.
سەبارەت بە ئەجێندای سەردانەکە و تەوەری کۆبوونەوەکان، سەرچاوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکان زیاتر جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران، دۆسیەی ئەمنی و سنوورەکان، و هەروەها دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە دەکەنەوە."
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، چاوەڕوان دەکرێت وەزیری دەرەوەی ئێران جیا لە هاوتا عێراقییەکەی، لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق و چەند سەرکردەیەکی سیاسیی دیکەی عێراق کۆببێتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)