رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی ئیمام عەلی دەڵێ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی دەپچڕێنێت و سەرجەم چەکەکانی رادەستی حکومەت دەکات.
بەپێی راگەیێندراوێک کە رۆژی سێشەممە، 2ی حوزەیرانی 2026، لەلایەن ئەمیندارێتیی گشتیی کەتیبەکانی ئیمام عەلییەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرکردایەتیی ئەو گرووپە بڕیاری داوە کۆتایی بە پەیوەندییە رێکخراوەییەکانی لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی بهێنێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هەنگاوە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و پاراستنی دەستکەوتەکانی سەرکەوتن و بەهێزکردنی سەروەریی یەکپارچەیی عێراقەوەیە؛" هەروەها باس لەوە کراوە کە بڕیارەکەیان هاوتەریبە لەگەڵ "خواستی نیشتمانی و بڕیاری برایان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی" بۆ کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت.
کەتائیبى ئیمام عەلى یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانى نێو حەشدی شەعبی، ساڵى 2014 بۆ شەڕکردن دژى رێکخراوى داعش دامەزرا.
سەرکردایەتیی کەتیبەکانی ئیمام عەلی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە سێ لیژنەی پێکهێناوە کە بریتین لە:
- لیژنەی رادەستکردنی چەک: ئەم لیژنەیە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی جیاکردنەوە و رادەستکردنی سەرجەم چەک و کەرەستە سەربازییەکانی گرووپەکەی لە ئەستۆ دەبێت.
- لیژنەی کاروباری کەسوکاری شەهیدان: بۆ بەدواداچوونی دۆخی خێزانی ئەو کەسانەی لە ریزەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.
- لیژنەی تێکەڵکردن: ئەرکی ئەم لیژنەیە رێکخستنی کاروباری ئەندام و چەکدارەکانیەتی بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت جێگەیان بکرێتەوە.
"موقاوەمە پێویستییە نەک پیشە"
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "موقاوەمە پێویستییەکی فیکری و عەقیدەییە نەک پیشەیەک"، بەڵام لەم قۆناخەدا بەرپرسیارێتیی ئەوان وا دەخوازێ کە "دەسەڵاتی یاسا بسەپێندرێ و دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەت بەهێز بکرێن، بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەتوانا و خاوەن سەروەریی تەواو بەسەر خاک و ئاسمانی خۆی."
ئەم بڕیارەی کەتیبەکانی ئیمام عەلی لەکاتێکدایە، لە هەفتەیەکدا هەریەکە لە (سەرایا سەلام) و (عەسائیبی ئەهلی حەق) بڕیاری رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت داوە.
بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق کە لەژێر دروشمی "دەوڵەتێکی سەقامگیر و ئابوورییەکی بەرهەمهێن" کار بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەکات. لە یەکەم خاڵی بەرنامەکەدا ستراتیژیی حکومەت دیاریکراوە کە یەکێک لەوانە بریتییە لە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ "سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" لە قۆناخی داهاتوودا ناسێنراوە.

