رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوێکی نێو یەکەیەکی سەربازی دەستپێکردووە، کە تێیدا ئەفسەرێکی باڵا بە پلەی ژەنەراڵ بەهۆی دەنگی ئۆتۆمبێلەوە، سووکایەتیی بە ملازمێک دەکات و بە و زللـە لێی دەدات و قوڕگی دەگرێت. وەزارەتەکە دەڵێت، "هەرکەسێک لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا پێچەوانەی دیسیپلین و یاساکان بجووڵێتەوە، بەبێ گوێدانە پلە و پۆستی، رێکاری پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
بەگوێرەی میدیای تورکیا، فەرماندەیەکی باڵا کە پلەی ژەنەڕاڵی هەبووە، بەهۆی ئەوەی ملازمێک خەریکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی دەبێت لەو گەراجەی کە نزیک بووە لە ژووری فەرماندەکە و بەهۆی ژاوەژاوی دەنگی ئۆتۆمبێلێکەوە بێزار بووە، چووەتە گەراجەکە و "سووکایەتیی زۆری بە ملازمەکە کردووە چەندین زللـەی لێداوە و قورگی گرتووە".
ملازمەکەش دوای رووداوەکە راپۆرتی پزیشکی دەرهێناوە و سکاڵای لەسەر فەرماندەی لیواکە تۆمارکردووە. دوای ماوەیەک رووداوەکە بووە رۆژەڤی تورکیا، وەزارەتی بەرگریی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، "مۆڵەتی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە دەرکراوە. هەرکەسێک لە هێزە چەکدارەکانی تورکیادا پێچەوانەی دیسیپلین و یاساکان بجووڵێتەوە، بەبێ گوێدانە پلە و پۆستی، رێکاری پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
چی روویدابوو؟
جاهیت کۆجا، سەرۆکی کۆمەڵەی ملازمە خانەنشینەکانی تورکیا (TEMAD)، لەبارەی رووداوەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "ئەوەی پلەدارەکانمان کە پایەی سەرەکیی سوپای تورکیان، لە سەربازگەکاندا لەلایەن 'سەرووی' خۆیانەوە رووبەڕووی توندوتیژی، سوکایەتی و هەڕەشە ببنەوە، هەرگیز جێی قبووڵ نییە."
کۆجا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "هاوپیشەیەکی ئێمە کە پلەدارە، لەبەرئەوەی ئۆتۆمبێلێکی کارپێکردووە، لەلایەن فەرماندەی لیواکەوە بە دەربڕینی ناشیرینی وەک 'گێژ' و 'گەمژە' سوکایەتی پێکراوە، قورگی گوشراوە و شەقەزللـەی لێدراوە."
سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە بە کامێرای چاودێری تۆمارکراوە و ملازمەکەش بە راپۆرتی پزیشکی دۆخەکەی سەلماندووە. هەروەها دەڵێت، کاتێک ملازمەکە ویستوویەتی پەنا بۆ دادگە ببات، فەرماندەی لیواکە هەڕەشەی لێکردووە.
جاهیت کۆجا رەخنەی لە وەزارەتی بەرگری گرت کە سەرەڕای بوونی تۆماری کامێرا، تەنیا مۆڵەتی لێکۆڵینەوەی بۆ لێدانەکە دەرکردووە، بەڵام بە بیانووی "نەبوونی بەڵگەی پێویست" مۆڵەتی لێکۆڵینەوەی بۆ تاوانەکانی سوکایەتی و هەڕەشە دەرنەکردووە. کۆجا جەختی کردەوە، "دادپەروەری بە پلەبەندی سنووردار ناکرێت" و رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی، بەدواداچوون بۆ کەیسەکە دەکەن.



