رووداو دیجیتاڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و رادەگەیێنێت، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر لوبنان رانەگیرێن، تاران پرۆسەی دانوستاندنەکان رادەگرێت و بە تووندی بەرامبەر ئیسرائیل دەوەستێتەوە. رۆژی سێشەممە 2ـی حوزەیرانی 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەبییە بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، پشتگیریی خۆی بۆ حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "پەیوەندیی نێوان ئێران و لوبنان ناپچڕێت و گیانی ئێمە و ئێوە یەکە." قالیباف کە سەرۆکایەتیی شاندی دانوستاندنکاری ئێرانیش دەکات، ئاشکرای کرد، لە دوو رۆژی رابردوودا بە جیدی کاریان بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل کردووە و گوتی: "ئەگەر ئەم تاوانانە بەردەوام بن، نە تەنیا پرۆسەی دانوستاندنەکان رادەگرین، بەڵکو بەرانبەر رژێمی زایۆنی دەوەستینەوە." سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بێتە ئاراوە، دەبێت راگرتنی هێرشەکان لە هەموو بەرەکان بگرێتەوە، بەتایبەتی بەرەی لوبنان. هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکەی قالیباف، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رایگەیاند، بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لەوانەیە ببێتە هۆی هەنگاوی هاوبەشی "بەرەی موقاوەمە" و ئێران لە تەنگەی بابولمەندەب. قائانی هۆشداریدا، رەنگە دۆخی هاتووچۆی کەشتییەکان لە بابولمەندەب هاوشێوەی تەنگەی هورمزی لێبێت. ئەم هۆشدارییانەی ئێران دوای ئەوە دێن کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان قەڵایەکی ستراتیژیی سەردەمی سەدەی نێوەڕاستیان لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵ کردووە و فەرمانی پێکردوون بەرەوپێشچوونی زیاتر بکەن بۆ دوورخستنەوەی حیزبوڵڵا لە سنوورەکانیان. جەنگی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 2ـی ئاداری 2026ـەوە لوبنانیشی گرتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حیزبوڵڵا وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم رۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، چەندین مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لەو کاتەوە بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، هەزاران کەس کوژراو و بریندار بوون.